لەسەر سکاڵای سوپای عێراق دوو جووتیاری گوندی تۆپزاوە دەستگیرکران

وێنەی دوو جووتیارە دەستگیرکراوەکەی تۆپزاوە
وێنەی دوو جووتیارە دەستگیرکراوەکەی تۆپزاوە

K24 – کەرکووک:

دوای رێگریکردن لە داگیرکردنی گوندەکەیان لەلایەن سوپای عێراقەوە، دادگا بڕیاری راگرتنی بۆ دوو جووتیاری گوندی تۆپزاوە دەرکردووە بە تۆمەتی هاندانی خەڵک دژی سوپا.

رۆژی یەکشەممە (24ـی کانوونی یەکەمی 2023) لەسەر سکاڵای فیرقەی 11ـی سوپای عێراق، دوو جووتیاری گوندی تۆپزاوە بە ناوەکانی (ساتح ناسیح و سۆران نازم) بانگهێشتی بەردەم دادگا کراون و دواتریش بە بڕیاری دادوەر راگیراون.

بێستوون ناسیح، برای یەکێک لە دەستگیرکراوەکان بە کوردستان24ـی راگەیاند، هۆکاری دەستگیرکردنی ئەو دوو جووتیارە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ئەم جووتیارانە رێگرییان کردووە لە دانانی سەربازگەیەکی سوپا لەنێو گوندەکەیان، بەڵام سوپای عێراق بە تۆمەتی هاندانی خەڵک دژی سوپا لە دادگا سکاڵای لەسەر جووتیارەکان تۆمارکردووە.

بێستوون ناسیح گوتیشی، لە ئێستادا ئەو دوو جووتیارە لە بنکەی پۆلیسی یایچی دەستبەسەرکراون.

رۆژی 17ـی ئەم مانگە، هێزێکی فیرقەی 11ـی سوپای عێراق ویستیان لەنێو گوندی تۆپزاوە رێگەیەکی هاتووچۆ دابخەن و بیکەن بە سەربازگە بەڵام لەلایەن خەڵکی گوندەکەوە رێگری لەو کارەی سوپای عێراق کرا.

گوندی تۆپزاوا دەکەوێتە باشووری کەرکووک و دانیشتووانەکەی کوردن و خاوەنی رەسەنی زەوییە کشتوکاڵییەکانی ناوچەکەن، چەندین جارە لە دوای رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەرەوە لەلایەن سوپای عێراقەوە فشاریان لێدەکرێت گوندەکە چۆڵ بکەن.

زەوی گوندی تۆپزاوە لەگەڵ چەند گوندێکی ناوچەکە، لە ساڵی 1975 لەلایەن رژێمی پێشووی عێراقەوە، دەستیان بەسەرداگیرا و خرانە سەر وەزارەتەکانی دارایی، شارەوانی و بەرگری و پاشانیش بەسەر عەرەبی هاوردە دابەشکران.

لە ماوەی رابردووش، هەردوو وەزارەتی شارەوانی و بەرگریی عێراق، لە هەوڵی ئەوەدابوون سەربازگەی کۆنی سەربازی لە ناوچەکە بنیاتبنێتەوە و لەسەر رووبەری چوار هەزار و 500 دۆنم زەوی جووتیارانی گوندی تۆپزاوە لە سنووری کەرکووک، یەکەی نیشتەجێبوون بۆ ئەفسەر و کارمەندانی هێزە ئەمنییەکانی عێراق دروست بکەن، بەڵام ئەو هەوڵەیان لەکاتی خۆیدا شکستی پێهێندرا.