نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئیسرائیل: خەڵکی غەززە پارچە تەختەی شەترەنج نییە

ئاوارەکانی کەرتی غەززە - فۆتۆ: AFP
ئاوارەکانی کەرتی غەززە - فۆتۆ: AFP

K24 - هەولێر

ئیسرائیل داوا لە فەڵەستینییەکان دەکات بۆ شوێنێکی دیکە بگوازرێنەوە، بەرپرسێکی نەتەوە یەکگرتووەکانیش دەڵێت: ئەوان پارچە تەختەی شەترەنج نین.

ئیسرائیل پلانەکانی بۆ فراوانکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی لە باکوور و باشووری کەرتی غەززە راگەیاندووە و داوای لە فەڵەستینییەکان کردووە کەرتی غەززە چۆڵ بکەن و بۆ شوێنێکی دیکە بگوازرێنەوە، لە بەرامبەردا تۆماس وایت، سەرۆکی ئاژانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەرانی فەڵەستین "UNRWA"، رەخنەی لەو داوایەی چۆڵکردنی کەرتی غەززە گرت و گوتی: "خەڵکی غەززە تەختەی شەترەنج نین، زۆر لەو خەڵکە چەند جارێک ئاوارە بوونە".

گوتشی: "سوپای ئیسرائیل داوا لە خەڵک دەکات بچنە ئەو ناوچانەی کە هێرشی ئاسمانی تێدا و شوێنێکی سەلامەت نییە و هیچ شوێنێکیش نییە بۆی بچن".

لە 7ـی ئۆکتۆبەر شەڕی نێوان بزووتنەوەی حەماس و ئیسرائیل سەریهەڵدا، کە تاوەکو ئێستا زیاتر لە هەزار و 500 ئیسرائیلی کوژراون، هەروەها زیاتر لە 20 هەزار فەڵەستینی کوژراون و زیاتر لە 50 هەزاریش بریندارن.

ئا: لاڤین عومەر