كریستییانەكان وەك پەناگەیەكی ئارام لە هەرێمی كوردستان دەڕوانن

kurdistan24.net

K24 - هەولێر

لە دوای ساڵی 2003، 40 هاووڵاتیی کریستییان بەهۆی کردەوە تیرۆرستییەکانەوە لە کەرکووك کوژراون. ناسەقامگیری دۆخی ئەمنی، بەشێکی زۆری خێزانە کریستیانەکانی ناچارکردووە کۆچ بۆ هەرێمی کوردستان یان دەرەوەی وڵات بکەن.

گەڕەکی ئەڵماس لە کەرکووك، یەکێکە لەو گەڕەکانەیە کە زۆرترین هاووڵاتیی کریستیانی لێ دەژین. ئامادەکارییەکی ئەوتۆ بۆ یادی لە دایکبوونی حەزرەتی مەسیح نەکرا، تەنها بە لێدانی تەپڵ و زوڕنا هەندێکیان ئەم یادە بەرز رادەگرن.

چیرۆکی پێکەوەژیانی هاووڵاتییانی كریستییان و موسڵمان لەم شارە مێژووییەکی دێرینی هەیە. خەولە هاووڵاتییەکی موسڵمانە و سیلڤاش كریستیان، ئەوان ساڵانێکە لە کەرکووک پێکەوە دەژین، بەڵام ناجێگیری دۆخی ئەمنی لەساڵانی رابردوودا بەشێکی زۆری كریستیانەكانی ئەم شارەی ناچارکردووە کۆچ بکەن، ئێستا لەم گەڕەکە تەنها دوو خێزانی كریستیان ماون.

سیلڤا واهیک، دانیشتووی گەڕەكی ئەڵماسە و دەڵێت، "لەجەژندا کولیچە دروست دەکەین و خواردنی تایبەتمان هەیە, بەڵام گرنگترین شت داری کریسمسە، چونکە ئەو دارە مانای تایبەتی خۆی بۆ ئێمە هەیە".

خەولە جەمیل موسوڵمانە و دانیشتووی هەمان گەڕەکە؛ باس لەوە دەکات، "ئێمە لەم گەڕەکە کریستیان و موسڵمان تێکەڵاوین و، زۆربەی کاتەکانمان لەگەڵ کریستیانەکان بەسەر بردووە، بەڵام بەداخەوە بەهۆی دۆخی وڵاتەکەوە هەموویان کۆچیان کرد ئێستا چەند ماڵێک لێرە ماون سوپاس بۆ خوا پێکەوە دەژین".

دوای ساڵانێک لە مەترسی تیرۆر و دواتریش هەڕەشە و پەلاماری داعش لەسەریان، بەڵام هێشتا کریستییانەکان لە عێراق هەست بە ئارامی ناکەن، بەلای کریستیانەکانەوە مەرسومێکی سەرۆککۆماری عێراق بۆ لە کارلادانی کاردیناڵ لویس ساکۆ هەناگاوێکی دیکە بوو بە ئاراستەی پەراوێز خستنیان.

مەتران یوسف تۆما، سەرۆکی کڵێسای کلدانی لە کەرکووك و سلێمانی دەڵێت، "سەرۆککۆماری عێراق مەرسوومی کۆماری لە پاتریاک لویس ساکۆ کشاندەوە بەبێ هیچ هۆکارێک، ئێمە وەکو کریستیانەکان هەستدەکەین لەبەردەم شەپۆلێکی دیکەی ستەم لێکردنداین".

لەدوای ساڵی 2003، 40 هاووڵاتیی کریستییان لە کەرکووك کوژراون، هەر بەوهۆیەشەوە بەشێک لە خێزانەکانیان کۆچیان کردووە بۆ دەرەوەی وڵات یاخود ھەرێمی كوردستانیان وەك پەناگەیەکی ئارام بۆ ژیان ھەڵبژاردووە.

پێش شەڕی عێراق لە ساڵی 2003، ژمارەی کریستییانەکانی لەو وڵاتە زیاتر لە یەک ملیۆن و 800  هەزار کەس بوو، بەڵام ئێستا تەنیا سەدا 20ـی ئەو کریستیانانە لە عێراق ماون و زۆرینەیان لە هەرێمی کوردستانن.