هۆکاری بەرزبوونەوەی بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر بە دۆلار ئاشکرا دەکرێت

K24 – هەولێر

بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر بە دۆلاری ئەمەریکی بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەوە، شارەزایەکی سیستەمی بانکیش دوو هۆکار بۆ ئەو گۆڕانکارییە لە بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر بە دۆلاری دەخاتەڕوو.

د. کامەران قادر، مامۆستای زانکۆ و شارەزای سیستەمی بانکی بە کوردستان24ی گوت: "هۆکاری سەرەکی بەرزبوونەوەی بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر بە دۆلاری ئەمەریکی، ئەو هەڵمەتە میدیاییەیە کە لە عێراق هەیە، دەگوترێت "ئەمەریکا بەڵێنی بە عێراق داوە کە لەمەودوا دۆلاری زیاتر بۆ عێراق بنێرێت"، بەڵام ئەوە فەرمی نییە، تەنیا کراوە بە هەڵمەتێکی میدیایی، چونکە مانگانە عێراق و ئەمەریکا لەبارەی ناردنی دۆلار بۆ بانکی ناوەندی کۆدەبنەوە، بەڵام ئەمەریکا بە مەرج دۆلار دەدات بە عێراق".

گوتیشی: "هۆکارێکی دیکەی بەرزبوونەوەی بەهای دیناری عێراقی، ئەوەیە کە بڕیارە لەسەرەتای ساڵی داهاتوو حکومەتی عێراق هەموو مامەڵەیەک لە بازاڕەکان بکات بە دینار و لەمەودوا کڕین و فرۆشتن بە دۆلار نەکرێت، بۆیە ئێستا خواست لەسەر دۆلار نەماوە، زۆربەی هاووڵاتییان ئەوەی دۆلاری هەیە دەیباتە بازاڕ و دەیگۆڕێتەوە بە دینار، ئەمەش وایکردووە دۆلاری زۆر بکەوێتە بازاڕ، بەڵام ئەگەر دوای سەری ساڵ نوێ حکومەتی عێراق نەتوانێت ئەو بڕیارە جێبەجێ بکات، ئەوا جارێکی دیکە بەهای دیناری عێراقی بەرز دەبێتەوە".

د. کامەران قادر، ئاماژەی بەوەشکرد: "بانکی ناوەندیی عێراق بڕی ئەو دۆلارەی زیاد نەکردووە کە رۆژانە دەیخاتە بازاڕەوە تا بەهای دینار بەرز بێتەوە، هیچ گۆڕانکارییەک نەبووە لە خستنەڕوو، بەڵام ئەوەی هەیە تەنیا قسە و هەڵمەتی میدیاییە لە عێراق".

بەگوتەی بەشێک لەو کەسانەی لە بازاڕەکانی دراو کار دەکەن، لەم چەند رۆژەدا زۆر لە هاووڵاتییان ئەو دۆلارەی هەیانە دەیبەنە بازاڕ و دەیکەن بە دینار.

سەید عەبدوڵڵا، خاوەنی یەکێک لە نووسینگەکانی ئاڵوگۆڕی دراوە لە هەولێر بە کوردستان24ی گوت: "لەم دوو رۆژە خەڵکی وا هەیە چەند سەد دۆلارێکی هەیە و دێتە بازاڕ دەیگۆڕێتەوە بە دیناری عێراقی، ئێمە کە کڕین و فرۆشتن بە دۆلارەوە دەکەین هیچی فەرمیمان نەزانیوە کە ببێتە هۆکار بۆ دابەزینی بەهای دۆلار، بەڵام خەڵک ترسیان لەوە هەیە دوای سەری ساڵ بەهای دینار زیاتر بەرز بێتەوە و ئەو دۆلارەی هەیانە بە زەرەر بیفرۆشنەوە".

رشیگەیاند: "ئەمڕۆ کە پشووە و دەوامی بانکی ناوەندیی عێراق نییە، بەڵام سات بە سات بەهای دینار بەرز دەبێتەوە، بەبێ ئەوەی خەڵک بزانێت هۆکار چییە؟".

لە ماوەی رابردوودا بەهای 100 دۆلاری ئەمەریکی بەرامبەر بە زیاتر لە 165 هەزار دینار مامەڵەی پێوەکرا، بەڵام دواتر رووی لە دابەزین کردەوە، لەم دوو رۆژەی رابردوودا بەهای دیناری عێراقی بەشێوەی بەرچاو بەرز بووەوە، ئەمڕۆ بەهای 100 دۆلاری ئەمەریکی بە کەمتر لە 150 هەزار دینار لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان مامەڵەی پێوە دەکرێت.

لەگەڵ دەستبەکاربوونی کابینەی سوودانی، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە مانگی شوباتی 2023 بڕیارێکی بانکی ناوەندی پەسندکرد کە دۆلاری ئەمەریکی بەمشێوەیە مامەڵەی پێوە بکرێت:

یەک دۆلار بە 1300 دینار بۆ وەزارەتی دارایی

یەک دۆلار بە 1310 دیناری عێراقی بۆ بانکەکان

یەک دۆلار بە 1320 بۆ کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو

ناسەقامگیری بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار یەکێکە لەو کێشانەی کە لەسەرەتای یەخەی کابینەکەی محەممەد شیاع سوودانی گرتووە، هەرچەندە چەند هەوڵێک بۆ سەقامگیربوونی بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر بە دۆلار خراەنەتەگەڕ، بەڵام تائێستا هەوڵەکان بێ ئەنجام بوونە.

لەو چوارچێوەیەدا حکومەتی عێراق لەگەڵ تورکیا رێککەوتووە، بە یۆرۆ، لیرەی تورکی و دینار درێژە بە ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوانیان بدەن.

رۆژی 2ی کانوونی یەکەمی 2023 ، بانکی ناوەندی عێراقی ناوەڕۆکی گفتوگۆکانی  نێوان شاندی عێراقی لەگەڵ لایەنی تورکی ئاشکرا کرد. شاندی عێراق لەگەڵ لایەنی تورکی گفتوگۆیان لەسەر  چەند خاڵێک کردووە، لەوانەش رێککەوتنی بانکیی لەنێوان بانکە عێراقییەکان و هاوتا تورکییەکانیان لە رێگەی بانکی نێوەندگیر، بۆ دەستەبەرکردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی بۆ بازرگان و هاوردەکارە گەورەکان و ئەنجامدانی حەواڵە و پێدانی حەواڵە بە یۆرۆ و لیرەی تورکی.

روونکراوەتەوە، بەغدا و ئەنقەرە لەسەر ئەوە ێککەوتوون، رێکخستنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی بۆ بازرگانانی بچووک و فرۆشیارانی تاکە کەسی کراوە کە ئاڵوگۆڕی بازرگانی بە (دینار  و یۆرۆ یان لیرەی تورکی) بکەن بەپێی پڕۆسەی بازرگانی کردنەکەیان، ئەویش بە دانانی پارە بە دینار لە ناوخۆی عێراق و پارەدان بە یۆرۆ یان لیرە لە تورکیا، هاوکات ناردنی کاڵا لە تورکیاوە بۆ عێراق، ئەمەش دەبێتە ئاسانکاری بۆ  بازرگانان لە چوارچێوەی رێکخستنی پرۆسەی بازرگانی و گواستنەوەی کەلوپەل و بەرهەمەکان بەپێی ئەو پلانە گشتگیرەی بانکی ناوەندی پەیڕەوی دەکات، بۆ کردنەوەی چەندین کەناڵ و دەرچە بۆ دراو، بە ئامانجی پاراستنی سەقامگیری لە سیستەمی دارایی و پاراستنی لە مەترسییەکان و بەدەستهێنانی سەقامگیری گشتی بۆ نرخ و چارەسەر کردنی نرخی فەرمی.