سوپای تورکیا کۆبانێ و قامشلۆی بۆردوومان کرد؛ نۆ کەس بریندارن

دیمەنێکی دوای بۆردوومانەکە
دیمەنێکی دوای بۆردوومانەکە

K24 - هەولێر

سوپای تورکیا لە رێگەی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانەوە چەند شوێنێکی لە هەردوو شاری کۆبانێ و قامشلۆی رۆژئاوای کوردستان بۆردوومانکرد و بەهۆیەوە نۆ کەس برینداربوون.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە رۆژئاوای کوردستان، بە کوردستان24ـی راگەیاند، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە، 25-12-2023، فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی تورکیا دوو جار ئۆفیسی کۆکردنەوەی "مازۆتی سادکۆپ"ـی لە گەڕەکی "عەلای" شاری قامشلۆ کردە ئامانج.

هاوکات میدیاکانی نزیک لە هەسەدە بڵاویانکردووەتەوە، لە کاتژمێر 11:00ـی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆوە، سوپای تورکیا شەش شوێنیان لە ناوەوە و دەوروبەری شاری قامشلۆ بە ئامانج گرتووە و بەهۆیەوە حەوت کەس برینداربوون.

وەکو ئەوەی میدیاکانی نزیک لە هەسەدە بڵاویانکردووەتەوە، ئەو شوێنانەی لەلایەن تورکیاوە بۆردوومانکراون، بریتین لە باڵەخانەیەکی پیشەسازی، ناوەندێکی بیناسازی، چاپخانەیەک، وێستگەیەکی شەمەندەفەر، کارگەیەکی ئالیک و شوێنێکی دیکەی گەڕەکی "مەیسلوون" لە قامشلۆ.

ئەمە لە کاتێکدایە بەرەبەیانیی ئەمڕۆ فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی سوپای تورکیا دوو شوێنیان لەناو کۆبانێ کردبووە ئامانج و بەهۆیەوە دوو کرێکار برینداربوون.