شێروان عەبدوڵڵا: دەگەڕێمەوە کوردستان و بەرهەمە نوێیەکەم بڵاودەکەمەوە

K24 - هەولێر

هونەرمەندی میللی شێروان عەبدوڵڵا، لە دوای تووشبوون بە چەند گرفتێکی نەخوازراو و دابڕان لە هونەری گۆرانی گوتن، لە دیمانەیەکیدا لەگەڵ کوردستان24، دەڵێت: بەرهەمێكی نوێی هونەریم بۆ ساڵی نوێ ئامادەیە و لە جەژنی سەری ساڵدا بڵاوی دەکەمەوە.

كوردستان24: بۆچی چوویت بۆ توركیا؟

 بۆ چەند شەوە ئاهەنگێك بانگهێشتكرام و گۆرانی كوردیم چڕی.

كوردستان24: بۆچی دەستگیر كرایت؟

لە هۆتێلەكەم هاتمە خوارەوە چووم بۆ شوێنێك 28 كاتژمێر لە ئوتیلەكەم دوور بوو، بەو هۆیەوە پۆلیس داوای پاسپۆرتی لێكردم پێم نەبوو دەستگیریان كردم، بیس24 رۆژ لە زیندان مامەوە دواتر داوای لێبوردنیان لێكردم و گوتیان بەهەڵە دەستگیر كراوم.

كوردستان24: لە زیندان بە چیەوە خەریك بوویت؟

شێروان عەبدڵڵا: تەنیا من كوردبووم لەنێو زیندانییەكانی دیكە، ئەوانی دیکە ئەفغانی و سووری، عەرەب و فارس بوون، بۆیە زۆربەی كاتەكان گۆرانیم دەگوت، بەتایبەت گۆرانی و مەقامی كوردی زۆر لەسەر زارم بوون و دەمگوتنەوە.

كوردستان24: ئێستا بەچی كارێكی هونەرییەوە خەریكی؟

شێروان عەبدوڵڵا: لەگەڵ هونەرمەند كاروان نووری بەشداری شەوە ئاهەنگەکان دەكەم و كار لەسەر بەرهەمێكی نوێی هونەری دەكەم، لە ساڵی نوێشدا بڵاوی دەکەمەوە، هەروەها ئێستا خەریکی خۆ ئامادەکردنم بۆ گەڕانەوە بۆ كوردستان.

كوردستان24: تا چەند دڵخۆشی كوڕەكەت بووەتە گۆرانیبێژ؟

شێروان عەبدوڵڵا: سوپاس بۆ خودا زۆرم بێخۆشە بووەتە گۆرانیبێژ هیوای سەركەوتنی بۆ دەخوازم، بەڵام ئەو رێچكەیەكی جیاوازی لەم گرتووەتە بەر كە گۆرانی لە ستایلی خاو دەڵێت نەبووەتە بەندبێژ.

كوردستان24: خولیای ئێوە بۆ گۆرانیگوتن بۆ كەی دەگەڕێتەوە؟

شێروان عەبدوڵڵا:  هەر لە منداڵیەوە دەستم كردووە بە گۆرانی گوتن، ئەوكات لە ساڵانی زۆر زوودا لە تەلەڤزیۆنی كەركووك گۆرانیم گوتووە، كە هێندە منداڵ بووم باوكمم لەگەڵ بووە.

كوردستان24: مەرجی گۆرانیبێژ چیە لای تۆ؟

شێروان عەبدوڵڵا: مەرجە گۆرانیبێژ دەنگخۆش بێت و بتوانێت بەباشی مەقام بڵێت و مەقامزان بێت.

كوردستان24: نێوانت لەگەڵ هونەرمەندان چۆنە؟

شێروان عەبدوڵڵا: لەگەڵ زۆرینەی هونەرمەندانی کورد هاوڕێیەتیم هەیە.

كوردستان24: کەی دەست بە گۆرانی گوتن کرد؟

شێروان عەبدوڵڵا: ماوەی 31 ساڵە گۆرانی دەڵێم، زۆرینەی گۆرانییەكانم لەلایەن هونەرمەندان و كەسانی دیكەوە وتراونەتەوە تا لە ژیاندا بم بەردەوام دەبم لە گۆرانی گوتن.

كوردستان24: لەبارەی ژیانی هونەرییەوە چیت هەیە؟

شێروان عەبدوڵڵا: ژیانی هونەری ئێستا قورسە و قوربانی دەوێت ماندوبوونی زۆری دەوێت نشێوی زۆری تێدایە.

كوردستان24: بەردەوامی لە بەندبێژی؟

شێروان عەبدوڵڵا: بەهۆی خراپی دۆخی دارایی خەڵكەوە دانیشتن و بەندبێژی زۆر كەم بووەتەوە، وەك بەردەوامی بەڵێ بەردەوامم لە بەندبێژی ئەگەر كەسێك پێمان بڵێت: ئەوە دانیشتن دەكەین.

كوردستان24: هێشتا گەنج دەردەكەویت؟

شێروان عەبدوڵڵا: زۆر راستە هێشتا گەنجم، بەڵام بەشی خۆم تەمەنم هەیە لە ساڵی 1975 لە گەڕەكی كانی ئاسكانی سلێمانی لەدایكبووم لە دەسپێكی نەوەدەكانیشەوە دەستم كردووە بە مەقام و بەشداری دانیشتەكانم كردوە.

كوردستان24: دوا وتت چی یە؟

شێروان عەبدوڵڵا: كە مردم رێزلێنانم بۆ مەكەن، بەڵام تائێستا لەژیاندام خزمەتی خۆم و هونەرەكەم بكەن.