راپرسییەک: بایدن سەدا 40ـی دەنگدەرانی پێشووی لەدەستداوە

راپرسییەک: بایدن سەدا 40ـی پشتیوانی دەنگدەرانی پێشووی لەدەستداوە (وێنە: AP)
راپرسییەک: بایدن سەدا 40ـی پشتیوانی دەنگدەرانی پێشووی لەدەستداوە (وێنە: AP)

K24 - هەولێر

کێبڕکێی مسۆگەرکردنی چوار ساڵی دیکەی سەرۆکایەتی ئەمەریکا لەنێوان دیموکرات و کۆمارییەکان گەرمتر بووە و هەریەکە لە بەربژێرانی ئەو دوو حیزبە رێگەی هەمەجۆر لەپێناو کۆکردنەوەی زۆرترین دەنگ و بەدەستهێنانی کورسی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا دەگرنەبەر.

بەگوێرەی راپۆرتێکی رۆژنامەی "فایف سێرتی ئەیت"ــی ئەمەریکی، پشتیوانیکردنی جۆو بایدن لەلایەن ئەمەریکییەکان بەشێوەیەکی زۆر کەمبووەتەوە، بە رادەیەک لە سەدا 40ـی پشتیوانی دەنگدەرانی پێشووی لەدەستداوە، ئەمەش خەریکە بایدن ناچار دەکات بۆ بەرزکردنەوەی ژمارەی دەنگەکانی، پەنا بۆ پاڵپشتییە جەماوەرییە بەهێزەکەی ئەستێرەی پۆپی ئەمەریکی، تایلۆر سویفت ببات.

بەگوێرەی راپرسییەک کە پەیمانگای مارێستی ئەمەریکی ئەنجامی داوە، تایلۆر سویفت، ملیاردێر و گۆرانیبێژی  بەناوبانگی ئەمەریکی، دەنگی لە سەدا 70ـی ئەمەریکییەکانی لەگەڵدایە، ئەو ژمارەیەش سەرنج و ویستی بایدنی بەلای خۆیدا راکێشاوە.

میدیا ئەمەریکییەکان بە دووری دەزانن سویفت بچێتە ژێر کاریگەری بایدن و بەئاسانی ئامادەی پشتیوانیکردنی بێت، ئەمەش بەهۆی دەربڕینی پاڵپشتی راستەوخۆی حکومەتەکەی بایدن بۆ هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە، کە وایکرد بەشێک لە چین و توێژەکانی ئەمەریکا رەخنەی توند ئاراستەی بایدن و ئیدارەکەی بکەن.

کاریگەرییەکانی تایلۆر سویفت لەسەر هەوادارانی بە جۆرێکە، لەمانگی سێپتەمبەری رابردوو، لە رێکلامێکیدا بۆ تۆڕێکی کۆمەڵایەتی تایبەت بە دەنگدان لە ئەمەریکا، سویفت داوای لە هەوادارانی کرد خۆیان لەو تۆڕەدا تۆمار بکەن، لە یەکەم رۆژی رێکلامەکەدا، بەدەمەوەچوونێکی بەرفراوانی بەدوادا هات و زیاتر لە 35 هەزار ئەمەریکی لەسەر داواکەی سویفت خۆیان لە تۆڕەکەدا تۆمارکرد.

هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا بڕیارە لە 5ـی نۆڤەمبەری 2024 بەڕێوەبچێت، هەردوو حیزبی کۆماری و دیموکراتیش لە هەوڵی کۆکردنەوەی زۆرترین دەنگن بۆ بەربژێرەکانییان لەو هەڵبژاردنەدا.