ئێران لەسەر کوژرانی بەرپرسەکەی سوپای پاسداران هەڕەشە لە ئیسرائیل دەکات

بۆردومانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ناوچەی سەیدە زەینەب لە سووریا
بۆردومانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ناوچەی سەیدە زەینەب لە سووریا

K24 - هەولێر

ئیبراهیم رەئیسی سەرۆککۆماری ئێران پشتڕاستی کردەوە، کە تیرۆرکردنی "رەزی مووسەوی" راوێژکاری سوپای پاسداران لە سووریا لەلایەن ئیسرائیلەوە "نیشانەی بێزاری و بێتوانایی ئەوە، بەدڵنیاییەوە باجی ئەم تاوانەش دەدات".

ئیبراهیم رەئیسی سەرۆککۆماری ئێران لە پەیامێکدا سەبارەت بە کوژرانی رەزی مووسەوی لە سووریا بە هۆی هێرشێکی ئیسرائیلەوە گوتی: "سەرەخۆشی خۆم ئاراستەی گەلی ئێران و هاوڕێکانیان لە سوپای پاسداران دەکەم، کە بەهۆی هێرشە مووشەکییەکەی ئیسرائیل بۆ سەر دیمەشق رەزی موسەوی کوژرا".

رەئیسی ئاماژەی بەوەشکرد: ئەم جەنەڕاڵە کە هاوەڵی قاسم سولەیمانی بوو، لەژێر پەردەی راوێژکاری میحوەری مقاوەمەی ئیسلامی بۆ پاراستنی مەزارگەی "ئەهلی بەیت" لە سوریا، کوژرا.

رشیگەیاند: گومانی تێدا نییە کە ئەم کارە نیشانەیەکی دیکەی بێزاری و بێدەسەڵاتی ئیسرائیلە و بە دڵنیاییەوە باجی ئەم تاوانەش دەدات.

میدیاکانی ئێران ئێوارەی دوێنێ دووشەممە، بڵاویانکردەوە، فەرماندەی دیاری سەربازی سوپای پاسدارانی ئێران، رەزی مووسەوی، لە ئەنجامی بۆردومانێکی ئیسرائیلی کە ناوچەی سەیدە زەینەبی لە دیمەشق کردبووە ئامانج، کوژرا.

دوای هێرشەکەش، سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، "ئیسرائیل باجی تاوانی تیرۆرکردنی راوێژکارەکەیان لە سوریا دەدات".

قاسم سولەیمانی و رەزا موسەوی
قاسم سولەیمانی و رەزی مووسەوی