ئۆکرانیا کەشتییەکی جەنگی رووسیای لە دەریای رەش تێکشکاند

کەشتییەکی تێکشکاوی رووسیا لە دەریای ڕەش (ئەرشیف)
کەشتییەکی تێکشکاوی رووسیا لە دەریای ڕەش (ئەرشیف)

K24 - هەولێر

هێزی بەرگریی ئاسمانیی ئۆکرانیا رایدەگەیەنێت، کەشتییەکی جەنگی رووسیایان لە دەریای رەش تێکشکاندووە.

لە راگەیەندراوێکدا فەرماندەیی هێزی بەرگریی ئاسمانی ئۆکرانیا بڵاویکردەوە، کەشتییەکی جەنگی رووسیایان لە دەریای رەش تێکشکاندووە کە "ژمارەیەکی زۆر درۆنی شاهیدی ئێرانی لەسەر بووە".

باسی لەوەشکردووە، ئەو کەشتییە جەنگییە رووسییەی تێکیانشکاندووە ناوی "نۆفۆچارکاسک" بووە و لەرێگەی فڕۆکەی جەنگییەوە تێکشکێندراوە.

لەلایەکی دیکەوە دەسەڵاتدارانی نیمچەدوورگەی کریمیای نزیک لە رووسیا ئاماژەیان بەوەدا، شەوی رابردوو هێرشکراوەتە سەر چەند پێگەیەکی رووسیا بەبێ ئەوەی کات و شوێنی هێرشەکە دیاری بکەن.

ئەمە لە کاتێکدایە لە ماوەی رابردوودا، جۆن کێلی، نوێنەری ئەمەریکا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بە ئاماژەکردن بە پەیوەندییە سەربازییەکانی ئێران و ڕووسیا، ڕایگەیاندبوو، ئێران بە نیازە بە بڕی چەندین ملیار دۆلار چەک لە ڕووسیا بکڕێت.

کێلی ئاماژەی بەوەش کردبوو، بە گشتی ئێران بە شوێن کڕینی چەندین ملیار دۆلار چەک و کەرەسەی سەربازی لە ڕوسیایە بۆ ئەوەی هێزی سەربازیی خۆی زیاتر بکات و ئەمەش قابیلی قەبووڵکردنی نییە. پێویستە پێشێلکردنی بەردەوامی بڕیارنامەکانی ئەنجوومەنی ئاسایش، وڵامی پێویستیان پی بدرێتەوە.