جەبار یاوەر: حکومەتی عێراق نەیتوانیوە گرووپە چەکدارەکان کۆنتڕۆڵ بکات

جەبار یاوەر، پسپۆڕی کاروباری سەربازی و ئەمنی
جەبار یاوەر، پسپۆڕی کاروباری سەربازی و ئەمنی

K24 - هەولێر

جەبار یاوەر ئاماژە بەوە دەدات، حکومەتە یەک لە دوا یەکەکانی عێراق نەیانتوانیوە گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حەشدی شەعبی کۆنتڕۆڵ بکەن و بەردەوام کێشەیان بۆ حکومەت دروستکردووە.

ئەمڕۆ سێشەممە، 26-12-2023، جەبار یاوەر، پسپۆڕی کاروباری سەربازی و ئەمنی، لەبارەی بە ئامانجگرتنی بەردەوامیی بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە عێراق و سووریا لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە، بە کوردستان24ـی راگەیاند، "ئەم هێرشانە ئەنجامی ململانێکانی نێوان ئەمەریکا و ئێرانن".

بە گوتەی جەبار یاوەر، "لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ململانێیەکی توند لە نێوان ئێران و ئەمەریکا هەیە. ئەم ململانێیەش لەنێوخۆی عێراق، هەرێمی کوردستان، سووریا، لوبنان، یەمەن و ناوچەکانی دیکەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی رەنگی داوەتەوە".

وەکو ئەوەی ئەو پسپۆڕە سەربازییە باسی کرد، "بیانووی گرووپە چەکدارەکانی عێراق بۆ هێرشکردنە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە عێراق و سووریا، پشتیوانیی ئەو وڵاتەیە بۆ ئیسرائیل بۆ هێرشکردنە سەر غەززە و کوشتنی هاووڵاتییانی سڤیل".

هەندێک لە لایەنەکانی نێو چوارچێوەی هەماهەنگی، بە گوتەی ئەو پسپۆڕە سەربازییە، "لەگەڵ ئەو هێرشانەن کە دەکرێنە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە عێراق و سووریا، هەندێکی دیکەشیان لە دژین".

جەبار یاوەر ئاماژەی بەوەش کرد، لە ماوەی حکومەتەکانی یەک لە دوای یەکەکانی عێراق، نەتوانراوە گرووپەکانی سەر بە حەشدی شەعبی لە چوارچێوەی یەک فەرماندەییدا رێکبخرێنەوە و گوتی، "بەشێک لەو گرووپانەی حەشدی شەعبی پابەند نین بە بڕیار و راسپاردەکانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق و تەنانەت فەرماندەی هێزەکانی حەشدی شەعبیش و، بەردەوام کێشەیان بۆ حکومەتی عێراق دروستکردووە".

ئەمە لە کاتێکدایە فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی گشتیی ئەمەریکا (سێنتکۆم) لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، لە وەڵامی ئەو هێرشانەی لە عێراق و سووریا دەکرێنە سەر بنکەکانیان،  نزیکەی کاژێر 4:45ـی بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە، 26-12-2023، هێزەکانیان ژمارەیەک هێرشی ئاسمانییان کردووەتە سەر سێ بنکە و بارەگای سەر بە کەتائیبی حیزبوڵڵا لە نێو عێراقدا.

لەبارەی زیانەکانی هێرشە ئاسمانییەکەی ئەمەریکا، سێنتکۆم ئاماژەی بەوە کردووە، چاوەڕێ دەکرێت لە ئەنجامی هێرشەکەدا "ژمارەیەک چەکداری سەر بە کەتائیبی حیزبوڵڵا کوژرابن". لەبارەی ئامانجی هێرشەکەش، ئاماژە بەوە کراوە، هێرشەکە بۆ "لاوازکردنی توانای هێرشبردنی" گرووپە چەکدارەکان کراوە و "ئێمە بەردەوام پارێزگاری لە هێزەکانمان دەکەین".

دوانیوەڕۆی رۆژی دووشەممە، 25-12-2023، بە درۆنێکی بۆمبڕێژکراو هێرش کرایە بنکەیەکی هێزەکانی ئەمەریکا لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر. بەهۆی هێرشکەوە سێ سەربازی ئەمەریکی برینداربوون و "برینی یەکێکیان سەختە."

لە ناوەڕاستی ئۆکتۆبەری ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستا، لانیکەم 100 جار بە مووشەک و درۆن هێرشکراوەتە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە عێراق و سووریا. گرووپی مقاومەی ئیسلامی لە عێراق، بەرپرسیارێتیی زۆرینەی هێرشەکانی لە ئەستۆ گرتووە.