رۆژنامەیەکی ئیسرائیلی: حکومەت 18 ملیار دۆلاری لە شەڕی غەززەدا خەرجکردووە

ژمارەیەک تانکی سوپای ئیسرائیل لەنێو غەززە (وێنە: AP)
ژمارەیەک تانکی سوپای ئیسرائیل لەنێو غەززە (وێنە: AP)

K24 - هەولێر

رۆژنامەیەکی ئیسرائیلی دەڵێت، لە 07ـی ئۆکتۆبەرەوە، ئەمەریکا 230 فڕۆکە و 20 کەشتی پڕ لە کەرەستەی سەربازیی بۆ ئیسرائیل ناردووە. ئاماژە بەوەش دەدات، تێچووی شەڕی  حەماس تا ئێستا 18 ملیار دۆلار بووە لەسەر ئیسرائیل.

لەسەرەتای شەڕەوە، ئەمەریکا یەکێک بووە لە هاوپەیمانە نزیکەکانی ئیسرائیل و بەردەوام لە رێگەی ناردنی چەک و کەلوپەلی سەربازییەوە پشتیوانی خۆی بۆ تەلئەڤیڤ دوپاتکردووەتەوە.

رۆژنامەی یەدیعۆت ئەحرانۆتی ئیسرائیلی لە راپۆرتێکدا ژمارەی ئەو چەک و کەرەستە سەربازییانەی ئاشکرا کردووە کە واشنتن لە 07ـی ئۆکتۆبەرەوە بۆ ئیسرائیلی دابینکردوون. تێیدا باسی لەوە کردووە، لە دەستپێکی شەڕی ئیسرائیل و حەماسەوە، ئەمەریکا 230 فڕۆکە و 20 کەشتی پڕ لە کەرەستەی سەربازیی رەوانەی ئیسرائیل کردووە کە بەهاکەی زیاتر لە دوو ملیار و 800 ملیۆن دۆلاربووە. بە بەراورد بە ساڵانی رابردوو، لەمساڵدا خواستی ئیسرائیل لەسەر کڕینی چەکی ئەمەریکی زۆر زیادیکردووە.

رۆژنامەکە ئەوەی خستووەتەڕوو، ئیسرائیل بەم دواییانە هەزاران تۆن کەرەستەی تەکنەلۆجیای سەربازیی لە ئەمەریکا کڕیوە، ئەمەریکاش چەکەکانی بەبێ دانانی مەرج لەسەر بەکارهێنانیان بە تەلئەڤیڤ دەفرۆشێت.  گرنگترین ئەو چەکانەی واشنتن رەوانەی تەلئەڤیڤی کردوون بریتین لە: 57 هەزار گوللـە تۆپ، دوو هەزار مووشەکی هێڵفایەر، 300 مووشەکی دژە ئاسمانی و پێنج هەزار گولەی ئێم 16 و چەندین کەرەستەی دیکەی سەربازی.

ئەو رۆژنامە ئیسرائیلییە لە درێژەی راپۆرتەکەیدا نووسیویەتی، تێچووی دابینکردنی خواردن و کەرەستەی سەربازی سوپای ئەو وڵاتە تا ئێستا 64 ملیار شیکڵ کە دەکاتە زیاتر لە 18 ملیار دۆلار لەسەر حکومەتەکەی ناتانیاهۆ کەوتووە. ئەوەش وایکردووە، حکومەت پڕۆژە یاسایەکی تایبەت بەتێچووەکانی جەنگی حەماس و رووبەڕووبوونەوەی حیزبوڵای لوبنانی دابین بکات.