محەممەد ئۆرمانی: عێراق و کوردستان بوونەتە قوربانیی ململانێی وڵاتانی زلهێز

محەممەد رەشید ئۆرمانی، شرۆڤەکاری سیاسی
محەممەد رەشید ئۆرمانی، شرۆڤەکاری سیاسی

K24 - هەولێر

شرۆڤەکارێکی سیاسی دەڵێت، خەڵکی عێراق و هەرێمی کوردستان بوونەتە "قوربانیی ململانێی وڵاتانی زلهێز" لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئاماژە بەوەش دەکات، "حکومەتی هەرێمی کوردستان هەرگیز نەیویستووە ببێتە لایەن لە دژی لایەنێکی دیکە".

ئەمڕۆ سێشەممە، 26-12-2023، محەممەد رەشید ئۆرمانی، شرۆڤەکاری سیاسی لەبارەی بە ئامانجگرتنی بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا و، وەڵامی واشنتن بۆ ئەو هێرشانە؛ میوانی گەشتی هەواڵەکانی (ئەمڕۆ)ـی کوردستان24 بوو.

بە گوتەی ئەو شرۆڤەکارە سیاسییە، "ململانێی سیاسی و ئابووری وڵاتانی زلهێز لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گەیشتووەتە لووتکە و، خەڵکی عێراق و وڵاتانی دیکەی ناوچەکە باجی ئەم ململانێیانە دەدەن. بە دووریش دەزانم بەم زووانە کۆتاییان پێ بێت".

عێراق وەکو ئەوەی ئۆرمانی باسی کرد، "سەروەریی خۆی لەدەستداوە و بڕیاری سیاسیی یەکگرتوو لە وڵاتکەدا نییە. هەندێک گرووپی لە یاسا دەرچوو بوونەتەوە هۆی ئەوەی عێراق ئارامی و سەقامگیری بەخۆیەوە نەبینێت".

ئۆرمانی ئاماژەی بەوەش کرد، "زۆرینەی جومگەکانی دەسەڵات لە عێراق لەژێر هەژموونی ئێراندان و بە فەرمانەکانی تاران کاردەکەن؛ بۆیە پێموایە بە هیچ شێوەیەک تاران دەست لە بەغدا بەرنادات".

لەبارەی رۆڵی سەرۆکوەزیرانی عێراقیش لە راگرتنی ئەو هێرشانە؛ ئەو شرۆڤەکارە سیاسییە پێیوایە، "سوودانی لەنێوان دوو ئاگردایە. لەلایەک فشاری ئەمەریکای لەسەرە کە دەیەوێت وەکو سەرۆکوەزیرانێکی ئازاد و دوور لە هەژموونی ئێران رۆڵی خۆی بگێڕێت. لەلایەکی دیکەشەوە لەژێر فشاری ئێراندایە، بەو پێیەی هەندێک لایەن و گرووپی چەکداری نزیک لە ئێران فشاری لێ دەکەن پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمەریکا بپچڕێنێت".

لەبارەی هەوڵوێستی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش لە بە ئامانجگرتنی بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکا، شرۆڤەکارە سیاسییەکە گوتی، "حکومەتی هەرێمی کوردستان هەرگیز نەیویستووە ببێتە لایەن لە دژی لایەنێکی دیکە، بەڵام بەداخەوە هەرێمی کوردستان بووەتە قوربانی ململانێی وڵاتانی زلهێز".

ئەمە لە کاتێکدایە فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی گشتیی ئەمەریکا (سێنتکۆم) لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، لە وەڵامی ئەو هێرشانەی لە عێراق و سووریا دەکرێنە سەر بنکەکانیان،  نزیکەی کاژێر 4:45ـی بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە، 26-12-2023، هێزەکانیان ژمارەیەک هێرشی ئاسمانییان کردووەتە سەر سێ بنکە و بارەگای سەر بە کەتائیبی حیزبوڵڵا لە نێو عێراقدا.

لەبارەی زیانەکانی هێرشە ئاسمانییەکەی ئەمەریکا، سێنتکۆم ئاماژەی بەوە کردووە، چاوەڕێ دەکرێت لە ئەنجامی هێرشەکەدا "ژمارەیەک چەکداری سەر بە کەتائیبی حیزبوڵڵا کوژرابن". لەبارەی ئامانجی هێرشەکەش، ئاماژە بەوە کراوە، هێرشەکە بۆ "لاوازکردنی توانای هێرشبردنی" گرووپە چەکدارەکان کراوە و "ئێمە بەردەوام پارێزگاری لە هێزەکانمان دەکەین".

دوانیوەڕۆی رۆژی دووشەممە، 25-12-2023، بە درۆنێکی بۆمبڕێژکراو هێرش کرایە بنکەیەکی هێزەکانی ئەمەریکا لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر. بەهۆی هێرشکەوە سێ سەربازی ئەمەریکی برینداربوون و "برینی یەکێکیان سەختە."

لە ناوەڕاستی ئۆکتۆبەری ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستا، لانیکەم 100 جار بە مووشەک و درۆن هێرشکراوەتە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە عێراق و سووریا. گرووپی مقاومەی ئیسلامی لە عێراق، بەرپرسیارێتیی زۆرینەی هێرشەکانی لە ئەستۆ گرتووە.