فەرەنسا.. پیاوێک بەتۆمەتی کوشتنی دایکێک و چوار منداڵ دەستگیرکرا

K24 - هەولێر

سەرچاوەیەکی پۆلیسی فەرەنسا ئەمڕۆ سێشەممە رایگەیاند، سەرۆک خێزانێک بە گومانی کوشتنی دایکێک و چوار منداڵەکەی دەستگیر کراوە، ئەمەش دوای ئەوەی تەرمەکانیان لە ناو شوقەیەک لە شارۆچکەی "مو" لە نزیک پاریس دۆزراوەتەوە.

سەرچاوەیەکی دیکە لە پۆلیسی فەرەنسا رایگەیاند، ئەو کەسە بە کردەوەی توندوتیژی خێزانی و تێکچوونی باری دەروونی ناسراوە.

داواکاری گشتی شارەکە، "ژان باپتیست بلادییە" لە بەیاننامەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندووە، لە رۆژی کریسمسدا، نزیکەی کاتژمێر 9ـی شەو تەرمی پێنج کەس لە شوقەیەکدا دۆزرایەوە، کە دەکەوێتە شاری "مو"، ئەمەش دوای ئەوەی لەلایەن کەسە نزیکەکانی ئەوخێزانە ئاگادارکراونەتەوە تاوانەکە ئاشکرا کراوە.

 کوژراوەکان دایکێک چوار منداڵن، کە منداڵەکان تەمەنییان 9 مانگ و 4 ساڵ و 7 ساڵ و 10 ساڵە، بە گوتەی سەرچاوەیەکی نزیک لە دۆسیەکە، ئەو دایکە تەمەنی 35 ساڵە و منداڵەکانیش بە چەقۆ کوژراون.

 ئەم رووداوەش دوای ئەوە دێت کە لە ماوەی رابردوودا لە پاریس دوو تاوان روویدا کە هەریەکەیان سێ منداڵ گیانیان لەدەستداوە، کە بکوژی هەردوو رووداوەکە باوکی منداڵەکان بوونە.

 لە کۆتایی مانگی نۆڤەمبەردا پیاوێکی تەمەن 41 ساڵ چووە بنکەیەکی پۆلیس بۆ ئەوەی دان بەوەدا بنێت کە سێ کچی خۆی کوشتووە کە تەمەنیان لە نێوان 4 بۆ 11 ساڵیدایە.

باوکەکە تاوانەکەی لە شاری ئەلفۆرتڤیل لە باشووری رۆژهەڵاتی پاریس بەهۆی ناکۆکی لەگەڵ هاوسەرەکەی پێشووی لەسەر سەرپەرشتیکردنی منداڵەکانیان ئەنجامیداوە.

لە مانگی تشرینی یەکەمدا، سەربازێک لە ماڵەکەی خۆی لە وایمار لە باکووری رۆژهەڵاتی پاریس، سێ کچەکەی خۆی کوشت و دواتریش خۆی کوشت، بەگوتەی دادوەرەکان تاوانەکە لە ئەنجامی ناکۆکی خێزانیدا بووە.

 لە فەرەنسا نزیکەی سێ رۆژ جارێک تاوانی کوشتنی ژنان روودەدات، ساڵی رابردوو 118 ژن لەلایەن هاوسەرەکانییانەوە یان هاوسەری پێشوویانەوە کوژراون.  ئەم کارەساتانە زۆرجار لە چوارچێوەی جیابوونەوەدا روودەدەن.

 بەگشتی پۆلیس 244 هەزار و 300 قوربانی توندوتیژی خێزانی ئاشکراکردووە، کە زۆرینەی قوربانییەکان ژنانن، بە بەراورد بە ساڵی 2021 رێژەکە نزیکەی 15% زیادیکردووە.