دلێر سابیر: سه‌دا 30ـی نه‌خۆشانی گورچیله‌ له‌ شاره‌كانی عێراق شووشتنه‌وه‌ی گورچیله‌یان له‌ هه‌ولێر بۆ ده‌كرێت

دلێر سابیر، به‌ڕێوه‌به‌ری نه‌خۆشخانه‌ی هه‌ولێری فێركاری
دلێر سابیر، به‌ڕێوه‌به‌ری نه‌خۆشخانه‌ی هه‌ولێری فێركاری

K24 - هەولێر:

رۆژانه‌ زیاتر له‌ 200 نه‌خۆش كه‌ گورچیله‌كانیان وه‌ستاوه‌، به‌مه‌به‌ستی شووشتنه‌وه‌ی گورچیله‌كانیان سه‌ردانی سه‌نته‌ری گورچیله‌ی ده‌ستكرد له‌ هه‌ولێر ده‌كه‌ن. مانگانه‌ له‌م سه‌نته‌ره‌ پێنج هه‌زار شووشتنه‌وه‌ی گورچیله‌ ئه‌نجام ده‌درێت و ته‌واوی خزمه‌تگوزارییه‌كانیش بۆ نه‌خۆشخان به‌خۆڕایی و بێبه‌رامبه‌رن. هاوكات به‌ڕێوه‌به‌ری نه‌خۆشخانه‌ی هه‌ولێری فێركاری ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، نه‌خۆشانی گورچیله‌ له‌ خوارووی عێراقیش سه‌ردانی سه‌نته‌ره‌كه‌ ده‌كه‌ن.

ئه‌مڕۆ (سێشه‌ممه‌ 26ـی كانوونی یه‌كه‌می 2023) دلێر سابیر، به‌ڕێوه‌به‌ری نه‌خۆشخانه‌ی هه‌ولێری فێركاری تایبه‌ت به‌ كوردستان24 رایگه‌یاند، رۆژانه زیاتر‌ 200 نه‌خۆش له‌و سه‌نته‌ره‌ به‌ سێ شه‌فت له‌ به‌یانییه‌وه‌ تاوه‌كوو كاتژمێر 12ـی شه‌و، شووشتنه‌وه‌ی گورچیله‌یان بۆ ده‌كرێت.

به‌ڕێوه‌به‌ری نه‌خۆشخانه‌ی هه‌ولێری فێركاری ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، ئه‌و نه‌خۆشانه‌ی سه‌ردانی سه‌نته‌ره‌كه‌ ده‌كه‌ن، رێژه‌ی 70%ـیان خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستانن و 30%ـیان خه‌ڵكی شاره‌كانی ناوه‌ڕاست و خوارووی عێراقن و بۆ وه‌رگرتنی چاره‌سه‌ری سه‌ردانی سه‌نته‌ره‌كه‌ ده‌كه‌ن. 

دلێر سابیر له‌ به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا باسی له‌وه‌ كرد، شووشتنه‌وه‌ی گورچیله‌ له‌ نه‌خۆشخانه‌ تایبه‌ته‌كان 450 هه‌زار تێچووی ده‌بێت، هاوكات له‌و سه‌نته‌ره‌ زیاتر له‌و بڕه‌پاره‌یه‌ تێچووی ده‌بێت، به‌تایبه‌ت كه‌ ده‌رمانیش به‌خۆڕایی به‌ نه‌خۆش ده‌درێت و هه‌موو ئه‌و تێچووه‌ش ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و پێشكه‌ش به‌ نه‌خۆش ده‌كرێت.

ناوبراو روونیشیكرده‌وه‌، نه‌خۆشی گورچیله‌ یه‌كێكه‌ له‌ نه‌خۆشییه‌ قورسه‌كان و هاوشێوه‌ی نه‌خۆشی شێرپه‌نجه‌ زۆرترین تێچوو و چاودێری پزیشكی پێویسته‌، به‌تایبه‌تی كه‌ نه‌خۆش هه‌یه‌ چه‌ندین ساڵه‌ ئه‌و نه‌خۆشییه‌ی هه‌یه‌ و تێچوو و خه‌رجی به‌رده‌وامی ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر حكومه‌ت كه‌ ئه‌گه‌ر سه‌ردانی سه‌نته‌ری شووشتنه‌وه‌ی گورچیله‌ بكات.

دلێر سابیر سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌ش راكێشا، كه‌ له‌ كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان چه‌ندین خزمه‌تگوزاری پێشكه‌وتوو پێشكه‌ش به‌ سه‌نته‌ره‌كه‌ كراوه‌ كه‌ له‌سه‌ر بڕیاری سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی بووه‌ و خۆی بڕیاری داوه‌ ئاستی سه‌نته‌ره‌كه‌ بۆ پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزارییه‌كان پێشكه‌وتوو بكرێت.