کیم جۆنگ ئون: 2023 ساڵێکی گرنگ بوو بۆ بەهێزبوونی کۆریای باکوور

K24 - هەولێر

سەرۆکی کۆریای باکوور رایگەیاند، ساڵی 2023، ساڵێکی گرنگ بوو بۆ وەرچەرخان و گەشەپێدان و بەهێزبوونی وڵاتەکە لە رووی نیشاندانی هێز و بنیاتنانی سۆسیالیستی و چاکسازییەوە.

ئاژانسی هەواڵی ناوەندی کۆریای باکوور رایگەیاند، کیم جۆنگ ئون، سەرۆکی کۆریای باکوور لەمیانی کۆبوونەوەی فراوانکراوی خولی نۆیەمی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی کرێکارانی کۆریا رایگەیاندووە، ساڵی 2023 کە نزیکە لە کۆتایی، ساڵێکی گرنگ بوو بۆ وەرچەرخان و گەشەپێدان و بەهێزبوونی وڵاتەکە و نیشاندانی هێزی دەوڵەت، لە رووی بنیاتنانی سۆسیالیستی و چاکسازییەوە.

گوتیشی: "پێویستە چالاکی و گەشەپێدانی هەمەلایەنە هەبێت، و ئاماژەی بەو دەستکەوتانەش کرد لە بوارەکانی رۆشنبیری و زانستدا بەدەست هاتوون، وەک: پەروەردە، تەندروستی، گەشەپێدان و وەرزش، هەروەها هەڵسەنگاندنی بۆ ئەو گۆڕانکاری و پێشکەوتنە نوێیانەی کرد کە لە بوارەکانی سیاسەت و بەرگری و دیپلۆماسی بەدەست هاتوون".

لە میانی دانیشتنەکەشدا، تاوتوێی هەندێک بابەتی تایبەت بە پوختەی جێبەجێکردنی پلانی بودجە بۆ ساڵی ئێستا، رەشنووسی بودجە بۆ ساڵی داهاتوو، هەروەها پوختەکردنی ئەنجامە سیاسی و حزبییەکان بۆ ساڵی داهاتوو تاوتوێ کرا.

ساڵی رابردوو کۆریای باکوور یەکەم مانگی دەستکردی سیخوڕیی خۆی خستە خوارەوە، هەروەها مانگی تەمموزی ساڵی رابردووش مووشەکی بالیستیکی نێوان کیشوەری (هواسۆنگ-18) بە سەرکەوتوویی هەڵدرا و بۆ ماوەی 74 خولەک لە ئاسماندا فڕی، ئەمەش ژمارەیەکی پێوانەییە بۆ مووشەکێکی بالیستیکی نێوان کیشوەرەکان کە لە کۆریای باکوور پەرەی پێدراوە.

ئا: لاڤین عومەر