ئەمەریکا 12 درۆن و پێنج مووشەکی خستەخوارەوە

K24 - هەولێر

ئەمڕۆ چوارشەممە، فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریکا رایگەیاند، لە ماوەی 10 کاتژمێری رابردوودا، 12 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) و پێنج مووشەکمان خستووەتە خوارەوە کە لە یەمەن هەڵدراوە.

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، 12 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و سێ مووشەکی بالیستی دژە کەشتی و دوو مووشەکی کروزی هێرشی زەمینییان لە باشووری دەریای سوور خستووەتە خوارەوە کە لەلایەن حوسییەکانەوە لە ماوەی 10 کاتژمێر هەڵدرابوون.

فەرماندەییەکە روونیشیکردەوە، "هیچ زیانێک بە کەشتییەکانی ناوچەکە نەگەیشتووە و هەروەها هیچ زیانێکی گیانیش نەبووە".

ئەمەریکا پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی نێودەوڵەتی بۆ رووبەڕووبوونەوەی هێرشەکانی حوسییەکان لە دەریای سوور لەژێر ناوی "دەستپێشخەریی ئاسایشی فرەنەتەوەیی" راگەیاند، هاوپەیمانییەکە 10 وڵات لەخۆدەگرێت، کە یەکێکیان وڵاتێکی عەرەبییە.

پێشتر عبدولمەلیک حوسی، سەرکردەی حوسییەکانی یەمەن رایگەیاندبوو، ئەگەر ئەمه‌ریکا زیاتر دەستوەردان لە کاروباری ئەو وڵاتە بکات یاخود هێرشیان بکاتە سەر، ئەوا هێزە چەکدارەکانیان هێرشی مووشەکی دەکەنە سەر کەشتییە جەنگییەکانی ئەمه‌ریکا.

لەگەڵ دەستپێکی شەڕی نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس، حوسییەکانی یەمەن بە درۆن و مووشەک هێرشدەکەنە سەر هێزەکانی ئەمەریکا و کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سوور، بەجۆرێک لە 7ی ئۆکتۆبەرەوە زیاتر لە 100 هێرشیان ئەنجامداون.