دوو جار گوندێکی سنووری چەمچەماڵ بۆردوومانکرا

دیمەنێکی دوای بۆردوومانەکە
دیمەنێکی دوای بۆردوومانەکە

K24 - هەولێر

بەرەبەیانیی ئەمڕۆ دوو جار دەوروبەری گوندێکی سنووری قەزای چەمچەماڵ بۆوردمانکرا. ئەو شوێنەی بۆردوومانکراوە "دوورە دەستە و چەکدارانی پەکەکەی لێیە". 

هێمن بەهجەت، بەڕێوبەری ناحییەی ئاغجەلەر بە کوردستان24ـی راگەیاند، بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە، 27-12-2023، فڕۆکە بێ فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوان (نزیکەی کاتژمێر 06:00ـی بەیانی و 08:00ـی بەیانی) بۆردوومانی دەوروبەری گوندی "توتەقەڵ" لە سنووری ئەو ناحیەیە کردووە.

گوندی "توتەقەڵ" دەکەوێتە سنووری ناحیەی ئاغجەلەری سەر بە قەزای چەمچەماڵ. هێمن بەهجەت ئاماژەی بەوەش کرد، "تا ئێستا زیانە گیانی و ماددییەکانی بۆردوومانەکە نازانین، چونکە ئەو شوێنەی بۆردوومانکراوە؛ دوورە دەستە و چەکدارانی پەکەکەی لێیە" بۆیە پێشبینی دەکرێت تورکیا بۆردوومانەکەکانی ئەنجام دابن.

تاوەکو کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، وەزارەتی بەرگریی تورکیا و دامودەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان هیچ راگەیەندراوێکی فەرمییان لەبارەی بۆردوومانەکە بڵاونەکردووەتەوە.

ساڵی رابردووش (رۆژی شەممە، 21-05-2022)، فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی تورکیا گوندی توتەقەڵی بۆردومان کردبوو. دواتر رێکخراوی CPTـی ئەمەریکی رایگەیاند، لە بۆردومانەکەدا سێ چەکداری پەکەکە و دوو هاووڵاتی سڤیل گیانیان لەدەستداوە کە رزگاربووی پرۆسەی ئەنفال بوون.

ئەمە لە کاتێکدایە لەماوەی چەند مانگی رابردودا بۆردومانەکانی سوپای تورکیا لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بەبیانووی بوونی چەکدارانی پەکەکە زیاتربوون و بەهۆیەوەش زۆرێک لە گوند و ناوچەکانی هەرێمی کوردستان چۆڵکراون.

ئاڵۆزییەکانی نێوان دەوڵەتی تورکیا و پەکەکە لە ساڵی 1984ـەوە تا ئێستا بەردەوامە کە ئەو رێکخراوە لەلایەن تورکیا، ئەمەریکا و یەکێتی ئەوروپاوە بە رێکخراوێکی تیرۆریستی ناسراوە و بەپێی ئامارە نافەرمییەکانیش لە شەڕ و ئاڵۆزییەکانی نێوان دەوڵەتی تورکیا و پەکەکە، زیاتر لە 40 هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە.

لە ساڵی 1984ـەوە تا ئێستا نزیکەی 80 هەزار کەس لە هەردوولا (چەکدارانی پەکەکە و سوپای تورکیا) گیانیان لەدەستداوە و بەشێکیشیان بریندار بوون. ئەم ئامارانە لە دەزگا فەرمی و نێودەوڵەتییەکان و لە لێدوانی بەرپرسانی پەکەکە وەرگیراون.