بەغدا پابەندی رێککەوتنەکان نابێت

kurdistan24.net

K24 - هەولێر

ساڵی 2023 تێدەپەڕێت و بەشێک لە هاووڵاتییان و خانەنشیان بە نیگەرانییەوە بەڕێی دەکەن، ئەوان دەڵێن بەغدا پابەندی ئەو بەڵێنانە نەبوو کە بە هەرێمی کوردستانی دا، بەڵكو تا ئێستا سێ مووچەی لەلا ماوەو نەیناردووە، لەهەمانکاتدا ئەوەی ناردووشییەتی بە قەرز بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستانی ناردووە.

عەبدولواحید رواندزی، مامۆستایەکی خانەنیشینە لە هەولێر، بە کوردستان24ی گوت: "کاتێک شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەچێتە بەغدا و لەگەڵ شاندی حکومەتی عێراق کۆدەبوونەوە، رێکدەکەوتن و بەغدا بەڵێنی دەدا، بەڵام دواتر رێککەوتنەکان جێبەجێ نەدەکران، پێدەچوو دەستێکی لە پشتەوە بێت و نەیدەهێشت مووچە بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت".

ساڵێکی سەخت لە هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان تێدەپەڕێت، بەغدا بۆ ماوەی سێ مانگ بە قەرز بەشێکی مووچەی فەرمانبەرانی رەوانەکرد و تا ئێستاش سێ مووچەی مانگەکانی 10، 11 و12 لەلایە و نەیناردووە، ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت: بەغدا بە ئاشکرا ستەم لە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دەکات.

سیپان شێروانی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە کوردستان24ی گوت: "یەکێک لەو ستەمانەی لە هەرێمی کوردستان دەکرێت، وشەی (ئینفاقی فیعلی)یە، کە بۆ هیچ پارێزگایەکی دیکەی عێراق بەکارنەهێنراوە، ئەگەر لە ساڵی داهاتوودا یاسای بودجە هەموار بکرێتەوە رەنگە کێشەکان چارەسەر بکرێن".

حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، لە سەرەتای ساڵی 2024 دەچێتە قۆناغێکی نوێی دانووستانەوە لەگەڵ بەغدا، بۆ ئەوەی کێشەی مووچەی فەرمانبەران بە تەواوی چارەسەر بکرێت، دانووستانێک بۆ کات کوشتن نا، بەڵكو بۆ بڕیاری یەکلاکەرەوە.