لوقمان سەلیم: فۆلکلۆری ژیانی داگیر کردووم

K24 - هەولێر

هونەرمەند لوقمان سەلیم، لە دیمانەیەکی لەگەڵ کوردستان24 رایدەگەیەنێت، نوێترین بەرهەمی گوتنەوەی چوار گۆرانییە دەشڵێت: یەكێك لە گۆرانییەكان هی خۆیەتی لە ساڵی نەوەدەكان گوتویەتیەوە.

كوردستان24: ساڵانێكە گۆرانی فۆلكلۆر دەڵێیتەوە بۆچی؟

لوقمان سەلیم: زۆر مەبەستمە گۆرانی فۆلكلۆر و كلاسیكییەكان بڵێمەوە بیدەمەوە بە گوێی نەوەی نوێدا وەك زیندوو راگرتنی كولتووری میللەتەكەم.

كوردستان24: ئەم كارە نوێیەشت هەر فۆلكلۆرە؟

لوقمان سەلیم: بەڵێ فۆلكلۆرە بەناوی "گەشتێك" گوتنەوەی  چوار گۆرانیە لە یەك بەرهەمدا، کە ساڵی نەوەدەكان بۆخۆم گۆرانیەكم گوتووە ئەوەیشی تێدایە.

كوردستان24: لەگەڵ گۆرانی گوتن خەریكی بەرگدروونیت؟

لوقمان سەلیم: ماوەی 32 ساڵە دوكانی بەرگدروونم هەیە لە شاری سلێمانی چەندین كەس لەبەردەستمدا فێری بەرگدروون بوون، لەگەڵ ئەوەشدا ژیانی رۆژانەم تەرخانكردووە بۆ بەرگدروون و كاری هونەری.

كوردستان24: ناتوانیت بە تەنیا بە كاری هونەری بژیت؟

لوقمان سەلیم: هونەرمەندی كورد ناتوانێت بە تەنیا بە هونەرەكەی بژی ئەگەر هەشبێت بە پەنجەی دەست دەژمێردرێت.

كوردستان24: بەشداری لایڤ موزیك دەكەیت؟

لوقمان سەلیم: لە ساڵی 2015 تا 2020 بەشداری زۆری لایڤ موزیكم دەكرد، بەڵام ئێستا كەمم كردووەتەوە، نابێت هونەرمەند هەر لە ستۆدیۆدا گۆرانی بڵێت پێویستە لەبەرچاوی جەماوەركەشدا گۆرانی بڵێت، چونكە دەنگی هونەرمەندەكەش دەردەكەوێت.

كوردستان24: باس لەوە دەكرێت لایڤ موزیك كۆنسێرتی گۆرانی نەهێشت؟

لوقمان سەلیم: تارادەیەك وایە، بەڵام لەئێستادا لایڤ موزیكیش وەك پێشتر گرنگی نەماوەی بەهۆكاری ئەوەی هەرچی هەڵدەستێت لایف موزیك دەكات.

كوردستان24: بۆچی لە پێشتر لە ستایلی ئەرەبێس گۆرانیت دەگوت و ئێستاش سونەتی دەڵێیت؟

لوقمان سەلیم: سەرەتا بە چەند گۆرانییەك بە ئەرەبێز دەستم پێكرد بەڵام، كە زانیم دەنگی من بۆ ستایلی سونەتی دەبێت، هەر بۆیە لەئێستادا لەسەر ئەو ستایلە گۆرانی دەڵێم خۆشم حەزم بەو ستایلە هەیە.

كوردستان24: كارەكانی ئێوە پاپ سونەتیە نەك سونەتی تەواو كلاسیكی بۆچی؟

لوقمان سەلیم: زۆر راستە لەسەر پاپ سونەتی كاردەكەم ئامێرە رۆژئاوایەكان تیكەڵی ئامێرە سونەتیەكان دەكەم ،ئەوەش هەر من نیم هونەرمەندانی فارس ئەو كارە دەكەن بەدەر لە شەجەریان كە گۆرانیەكانی سونەتی تەواوە.

كوردستان24: گۆرانیەكی تایبەتت هەیە بۆ كەسێكت گوتبێت؟

لوقمان سەلیم: بەڵێ گۆرانی "ئازیزەكەم" لەوكاتەدا بۆ لاوكی كوڕمم گوت لەو کاتەدا كە هۆنراوەی نەجم هۆگرە، بەڵام دیار نیە شاعیر هۆنراوەكەی بۆچی مەبەستێك نووسیوە.

كوردستان24: گوێ لە گۆرانی چی هونەرمەندێك دەگریت؟

لوقمان سەلیم: گوێ لە گۆرانیەكانی سەید عەلی ئەزغەری كوردستانی و حەسەن زیرەك ‌و محەممەدی ماملێ ‌و حەمە ساڵی دیلان ‌و مەزهەری خالقی. حەسەن سیساوەیی ‌و رەسوڵ گەردی دەگرم.