عومەری سەید عەلی، خۆی بۆ رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان کاندید ناکاتەوە

عومەری سەی عەلی، رێکخەری پێشووی بزووتنەوەی گۆڕان
عومەری سەی عەلی، رێکخەری پێشووی بزووتنەوەی گۆڕان

K24 – سلێمانی:

سەرچاوەیەك لە بزووتنەوەی گۆڕان بە کوردستان24ـی راگەیاند، عومەری سەید عەلی، رێکخەری پێشووی بزووتنەوەکە ئامادەنییە خۆی بۆ ئەو پۆستە کاندید بکاتەوە.

رۆژی چوارشەممە (27ـی کانوونی یەکەمی 2023) سەرچاوەیەک لە بزووتنەوەی گۆڕان بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەمڕۆ کاتژمێر چوار دوا وادەبوو بۆ گەڕانەوەی فۆڕمی کاندیدانی رێکخەری گشتی و خانەی راپەڕاندن، بەڵام تا ئەو وادەیە عومەری سەید عەلی، رێکخەری پێشوو، ئامادەنەبووە ئەو فۆڕمە پڕبکاتەوە.

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەدا، رێکخەری پێشووی بزووتنەوەی گۆڕان، ئامادەنییە جارێکی دیکە وەک رێکخەری گشتی خۆی هەڵبژێرێتەوە هەرچەندە زۆر داوای لێکراوە بەڵام نەیکردووە.

بەپێی زانیارییەکان دوو کەس فۆڕمی رێکخەری گشتیان پڕکردووەتەوە، وابڕیارە 30ـی ئەم مانگە واتە شەممەی داهاتوو جڤاتی نیشتیمانی کۆببێتەوە و رێکخەری نوێ و خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەکە هەڵبژێردرێن.

رۆژی 14ـی 9ـی 2019 عومەری سەید عەلی بە رێکخەری گشتی بزووتنەوەکە هەڵبژێردرایەوە و توانی بەسەر رکابەرەکەیدا، شۆڕش حاجی، سەربکەوێت.

بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24 لە سلێمانی، عومەری سەید عەلی لە کۆی 44 دەنگ توانی 28 دەنگ بەدەستبهێنێت و جارێکی دیکە وەک رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان هەڵبژێردرایەوە.