گۆڤەند شێروانی: بەپێی یاسای بودجە پێویستە حکومەتی عێراق بەنزینیش بۆ کوردستان بنێرێت

گۆڤەند شێروانی
گۆڤەند شێروانی

K24 – هەولێر :

شارەزایەکی بواری نەوت لە هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، لەسەر حکومەتی عێراقە جگەلە نەوتی سپی، بەنزینیش بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە ( 27- ی کانوونی یەکەمی 2023)، لە کاتی دابەشکردنی نەوتی سپیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، چەند هاووڵاتییەک بۆ کوردستان24 ئاماژەیان بەوە کرد، حکومەتی عێراق ناکرێ  ناردنی بەشە نەوتی سپیی هەرێمی کوردستان وەک پرسی بودجەکە لێبکات، چونکە خەڵکی کوردستان مافی خۆیەتی بەشە نەوتەکەی وەربگرێ، پسپۆریکی بواری نەوتیش رایدەگەیەنێت: بەپێی یاسای بودجە، دەبێت حکومەتی عێراق جگە لە نەوتی سپی، بەنزینیش بۆ ھەرێمی کوردستان بنێرێت.

بەپێی ئەو بڕەی کە دابین دەکرێت، هەر خانەوادەیەک 200 لیتر نەوتی سپی پێدەدرێت، وەزارەتی سامانە سرووشتیەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشتر بڵاوی کردەوە،  تا ڕۆژی (18-ی کانوونی یەکەمی 2023)، زیاتر لە 192 ملیۆن لیتر نەوتی سپیان بەسەر هاووڵاتیان دابەشکردووە، بەشێوەیەک لە هەولێر، زیاتر 81 ملیۆن لیتر و، لە سلێمانی زیاتر 70 ملیۆن لیتر، هەروەها لە دهۆک، نزیکەی 41 ملیۆن لیتر نەوتی سپی دابەشکراوە، لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا لەسەدا 15 ی خێزانەکان ماون نەوت وەربگرن.

ئیسماعیل خەڵکی بالیسانە و لە ھەولێر نیشتەجێیە، کاری ئەوەیە ئەو نەوتەی بە هاووڵاتیان دەدرێت، بۆیان بباتەوە ماڵەوە، بە کوردستان24 ی گوت: مافی خۆمانە حکومەتی عێراقی نەوتەکەمان بۆ بنێرێت، نەوەک دەستی دەستی بە هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستانەوە بکات.

پسپۆرێکی بواری نەوت لە کوردستان دەڵیت: عێراق کە دەتوانێت سوتەمەنی بۆ غەززە بنێرێت، چۆن ناتوانێت بۆ ھەرێمی کوردستانی بنێرێت.

گۆڤەند شێروانی شارەزای بواری نەوت، ئاماژە بە یەکسانی دەکات لە دابەشکردنی سامانەکانی وڵات بەسەر هاووڵاتیان بەبێ جیاوازیی لەلایەن حکوومەتی عێراق، بەتایبەتیش لە نەوتی سپی و بەنزین، دەڵێت: حکومەتی عێراق لەو ماوەیەی دواییدا یەک ملیۆن لیتر نەوتی سپیی بۆ غەززە ناردووە، چۆن ناتوانێت ملیۆنێک لیتر بە هەرێمی کوردستانیش بدات.

وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان پێشتر ئاماژەی بەوە کردووە، نزیکەی 962 هەزار خێزان لە وەرگرتنی نەوتی سپی سوودمەند بوونە کەدەکاتە نزیکەی (75%)ی کۆی ژمارەی خێزانەکانی هەرێمی کوردستان، بەشێوەیەک هەولێر نزیکەی 85%، سلێمانی نزیکەی 67% و،دهۆک نزیکەی 73%.