لەسەر کێشەی ئافرەتە بیانییەکەی شێڵتەری سەگە بێلانەکانی هەولێر لێکۆڵینەوە دەکرێت

سەگی بێلانە
سەگی بێلانە

 

K24- هەولێر :

لەبارەی ئەو ئافرەتە بیانییەی وەک خۆبەخش  لە شێڵتەری سەگە بێلانەکانی هەولێر چەند رۆژێک چارەسەری بۆ سەگەکان کردووە، بەرێوەبەراتی فەرمانگەى خزمەتگوزارى ژینگە پارێزى هەولێر روونکردنەوەیەکی بڵاو کردۆتەوە و دەڵێت: ئەو ئافرەتە بیانییە بێڕێزی بە ستافیی شێڵتەرەکە و پزیشکانیی ڤێتەرنەری کردووە.

ئەمڕۆ چوارشەممە ( 27-ی کانوونی یەکەمی 2023)، بەرێوەبەراتی فەرمانگەى خزمەتگوزارى ژینگە پارێزى هەولێر روونکردنەوەیەکی لەبارەی ئافرەتێکی بیانیی بڵاوکردۆتەوە و ئاماژە بەوە دەکات، چەند رۆژیک لەمەوبەر ئافرەتێکی  بیانی، سەردانی بەرێوەبەرایەتی خزمەتگوزاری و ژینگەپارێزی کرد و ئامادەیی خۆی دەربڕی وەک تیمی خۆبەخش کار بۆ دابینکردنی دەرمانی چارەسەریی سەگەکان بکات و  هاوکاری شێڵتەرى سەگى بێلانەى هەولێر بکات، ئێمەش وەک بەرێوەبەرایەتی فەرمانگەى ژینگە پارێزى هەولێر داواکەمان قەبوڵکرد .

بەرێوەبەراتی فەرمانگەى خزمەتگوزارى ژینگە پارێزى هەولێر رایدەگەیەنێت: بڕیار بوو ئەمڕۆ  ئەو ئافرەتە بیانییە برێک دەرمان وەک یارمەتیى بۆ شێڵتەرەکە ببات،  بەڵام  لەکاتی چوونە ژوورەوەی بێڕێزیی بە ستافی شێڵتەر و پزیشکانى ڤێتێرنەری کردووەو، ناڕەزاییان دەربڕیوە لەوەی خواردن و ئاو لە ناو قەفسی ئاژەڵەکان نییە، سەربارى ئەوەى هەوڵی وێنەگرتن و ڕیکۆردکردنی ڤیدیۆیان داوە لە کاتێکدا پێشوەختە پێیان گوتراوە کە وێنەگرتن ڕێگەپێدراو نییە، بۆیە لەلایەن تیمەکانمانەوە رێگریان لێ کراوە.

بەرێوەبەرایەتیەکە ئاماژە بەوە دەکات، لەسەر راسپاردەی پارێزگاری هەولێر، دەرگای شێڵتەرى سەگى بێلانەى هەولێر بەرامبەر هەر ئاژەڵ دۆستێک کراوەیە کە بیەوێت دەستی هاوکاری و یارمەتی درێژبکات بەومەرجەى ڕێنماییە تایبەتیەکانى شێڵتەر جێبەجێ بکات، لەگەڵ ئەوەی شێڵتەری سەگى بێلانەى هەولێر لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمى کوردستان، تەواوی مەرجە تەندروستیی و ژینگەییەکانی تێدایەو، ئاژەڵەکان بە پێی ڕێکارە تەندروستیەکان مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت، بۆ ئەو ڕووداوەى ئەمڕۆش ڕوویدا، پارێزگای هەولێر لێکۆڵینەوە لە بابەتەکە دەکات .