سیروان تۆفیق: پلانمان هەیە بۆ ساڵی 2024 هەشت ملیۆن گەشتیار سه‌ردانی هه‌رێمی کوردستان بكه‌ن

سیروان تۆفیق
سیروان تۆفیق

K24 – هەولێر :

بەڕێوەبەری بەبازاڕکردن لە دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت: لە پێشانگا جیهانییەکان هەوڵدەدەین کار بۆ بەبازاڕکردنی گەشتاریی هەرێمی کوردستان بکەین، بۆ ئەوەی بتوانین زۆرترین ژمارەی گەشتیار و وەبەرهێنەری گەشتیاریی بێنینە کوردستان.

ئەمڕۆ چوارشەممە (27-ی کانوونی یەکەمی 2023) سیروان تۆفیق، بەڕێوەبەری بەبازاڕکردن لە دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ی راگەیاند، وه‌ك دەستەی گشتیی گەشتوگوزار بەهاوکاریی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان، بۆ سه‌ری ساڵی زایینی ئامادەکاریمان کردووە و لیژنەی جیاوازمان پێکهێناوە  بۆ پێشوازیی لە گەشتیاران لە خاڵە سنوورییەکان و بازگەکان، لەگەڵ چەند ئامادەکارییەکی دیکە بۆ ئەوەی ریکۆرد بشکێنن بە پێشوازیکردن لە هەشت ملیۆن گەشتیار بكه‌ین.

بەڕێوەبەری بەبازاڕکردن لە دەستەی گەشتوگوزار گوتی: بۆ ئاهەنگی سەری ساڵ لە شوێنە تایبەتەکان و هۆتێلەکان، هونەرمەندانی بەناوبانگ لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان دێنە هەولێر و ئاهەنگ دەگێڕن، ئەو ئاهەنگە تایبەتانە وادەکات گەشتیاریی زۆری  بیانیی و ناوەڕاست و خوارووی عێراق بێنە هەرێمی کوردستان شەوی سەری ساڵ بەرێبکەن.

دەشڵێت: پلانمان وایه‌ گەشتیار بۆ تەواوی وەرزەکان رابکێشین، بەتایبەتیش دەمانەوێت گەشتیاریی زستانە زیاد بکەین بۆ چیاکانی گارە، کۆڕەک،  حەسەن بەگ، پیرە مەگروون و پێنجوێن، کە گەشتیاری زۆر بەهۆی بەفرەوە لە وەرزی زستاندا روویان تێدەکەن.

سیروان تۆفیق لەبارەی هاتنی گەشتیاری بیانی بۆ هەرێمی کوردستان گوتی: بۆ ئەمساڵ 25 لە سەدی ئەو گەشتیارانەی سه‌ردانی هەرێمی کوردستان، بیانییەکانی وڵاتانی دەوروبەر، ئەمریکا، ئەوروپا و رۆژهەڵاتی ئاسیان، بەپێی ئەو پلانەی داندراوە بۆ چاککردنی ژێرخانی گەشتیاریی و ئابووریی، لەگەڵ بوونی چەندین چالاکیی لە فێستیڤاڵ و پرۆسەی بەبازاڕکردنی گەشتیاریی، ژمارەی گەشتیارانی بیانی بۆ هەرێمی کوردستان زیاد دەکەین، وەک ئەوەی ئێستا گرووپێکی هۆنگ کۆنگ و چین بۆ گەشتوگوزار و ئاهەنگی سەری ساڵ هاتوونەتە هەرێمی کوردستان.

بەڕێوەبەری بەبازاڕکردن لە دەستەی گەشتوگوزار ئاماژە بەوەشدەکات، پلانیان تا ساڵی 2030 داڕشتووە، بەپێی ئەو پلانە چەندین چالاکیی و فێستیڤاڵ، پێشانگای گەشتیاریی رێکدەخەین، لەگەڵ ئەوەش لە پێشانگاکانی نێودەوڵەتی لە لەندەن، ئەڵمانیا، دوبەی و تورکیا دەستەی گشتیی گەشتوگوزار بە شاندێکی گەورە بەشداریی دەکەن و کاری بەبازاڕکردن بۆ گەشتوگوزاری کوردستان دەکەن، بۆ ئەوەی زۆرترین گەشتیار و وەبەرهێنەری گەشتیاریی روو له‌ هەرێمی کوردستان بكه‌ن.

دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان پلانێکی هەشت ساڵی بۆ راکێشانی گەشتیاری زیاتر دانایە و لە جێبەجێکردندایە، بەپێی ئاماری ئەو دەستەیە لە ساڵی 2021، چوار ملیۆن گەشتیار هاتوونەتە هەرێمی کوردستان، بۆ ساڵی 2022 ژمارەی گەشتیاران بۆ هەرێمی کوردستان بۆ شەش ملیۆن و  35 هەزار زیادیکرد، لە 11 مانگی ساڵای 2023 دا، ژمارەی گەشتیاران گەیشتۆتە حەوت ملیۆن و 500 هەزار گەشتیار.