عەرەب و تورکمانەکانی کەرکووک بۆ پرسی پۆستی پارێزگار لە یەکتر نزیک دەبنەوە

kurdistan24.net

K24 – کەرکووک

هاووڵاتیيانی کورد لە کەرکووک چاوەڕوانی ئەنجامی دەنگەکانیان دەکەن، کە بۆ گۆڕانکاری لە دۆخی شارەکەیان بەشداریان لە هەڵبژاردنکرد کردووە، بەتایبەت پۆستی پارێزگار، پێکهاتەکانی دیکەش چاویان لەو پۆستەیە و دەڵێن "سازشی لەسەر ناکەین"، عەرەب و تورکمانەکانیش لەسەر ئەو پرسە لە یەکتر نزیکبوونەتەوە، بەوپێیەش بێت قەیرانێکی دیکە لە شارەکە دروست دەبێت و پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی کەرکووک دوادەکەوێت.

محەممەد عەلی، هاووڵاتییەکی کوردی دانیشتووی کەرکووکە دەڵێت: "داوا دەکەین حکومەتێکی خۆجێی دیموکراسی و فرە لایەن لەم شارە دابنرێت، بۆ ئەوەی ئەو عەسکەرتاریەت و تەعریب و داگیرکارییە کۆتایی بێت".

هاووڵاتییەکی دیکەی کەرکووک بەناوی عەدنان عەلی، داوا دەکات، پارێزگارێکی کورد بۆ شارەکەیان دیاری بکرێت، دەشڵێت: "ئێمە زۆر زوڵمان لێکراوە، با جارێکی دیکە کورد ئەو زوڵمە قبووڵ نەکات".

پۆستی پارێزگار، خاڵی ناکۆکی نێوان لایەنەکانە لە کەروکووک، هەموو پێکهاتەکان چاویان لەسەریەتی کە پێشبینی دەکرێت گرێکوێرەی پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی شارەکە بێت، بەمەش قەیرانێکی دیکە سەرهەڵدەدات و دوور نییە ئەم ئیدارە سەپێنراوەی کەرکووک بۆ  درێژترکردنەوەی تەمەنی کەڵکی لێ وەربگرێت.

پۆستی پارێزگار، خاڵی ناکۆکی نێوان لایەنەکانە لە کەروکووک، هەموو پێکهاتەکان چاویان لەسەریەتی کە پێشبینی دەکرێت گرێکوێرەی پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی شارەکە بێت، بەمەش قەیرانێکی دیکە سەرهەڵدەدات و دوور نییە ئەم ئیدارە سەپێنراوەی کەرکووک بۆ  درێژترکردنەوەی تەمەنی کەڵکی لێ وەربگرێت.

شەش ساڵە پێكھاتەی عەرەب، پۆستی پارێزگاری كەركووكیان بۆ خۆیان قۆرخکردووە، ئەگەرچی زۆرینەی کورسییەکانی ئەنجومەنیشیان لەلا نییە، كەچی ھێشتا پێداگری لەسەر وەرگرتنەوەی ئەو پۆستەش دەکەن.

لەوبارەوە عەزام حەمدانی، سەرکردە لە بەرەی عەرەبی لە کەرکووک بە کوردستان24ی گوت: "پێکهاتەی عەرەب سوورە لەسەر وەرگرتنی پۆستی پارێزگار، بەوپێیەی خاوەندارێتی زۆرینەی کورسییەکان دەکات و دۆخەکەش لە بەرژەوەندی ئێمەیە، ترسمان هەیە لەوەی ئەو پۆستە بۆ هەر کەسێکی دیکەبێت پەراوێز دەخرێین".

گفتوگۆکانی پێکهێنانی ئیدارەی خۆجێی کەرکووک دەستیپێکردووە، عەرەب و تورکمانەکان لە یەکترەوە نزیکن، بە مەرجی پێکهێنانی ئیدارەی داهاتوو دوور لە خواستی کورد، عەرەبەکان بەڵێنی جێبەجێکردنی سەرجەم داواکارییەکانیان بە تورکمانەکان داوە.

تورکش عزەدین، سەرکردە لە بەرەی تورکمانی بە کوردستان24ی راگەیاند: "تائێستا بڕیارمان نەداوە لەگەڵ کێ هاوپەیمانیەتی بکەین، بەڵام ئێمە لە لیستی عەرەبەکان نزیکترین".

بەپێی زانیارییەکانی کوردستان24، لە گفتوگۆکانیان لەگەڵ تورکمان، عەرەبەکان لە بەرامبەر دەنگدانیان بە مانەوەی پۆستی پارێزگار بۆ ئەوان، بەڵێنیان بە توركمانەكان داوە، پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگا و جێگری پارێزگاریان پێبدەن، پۆستە ئیدارییەکانی شارەکەش، بەڕێژەی لەسەدا 32 بەسەر ئەواندا دابەشی بكەن، ئەمەش وایکردووە تورکمانەکان لە هاوپەیمانێتی لەگەڵ عەرەبەکان نزیکتربن.