بایدن بۆ کۆنگرێس: ئامادەین وەڵامی هێرشەکانی سەر هێزەکانمان بدەینەوە

بایدن لەبارەی بە ئامانجگرتنی هێزەکانی ئەمەریکا نامەیەک ئاراستەی کۆنگرێس دەکات
جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا (وێنە: AP)
جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا (وێنە: AP)

K24 - هەولێر

سەرۆکی ئەمەریکا دەڵێت، وڵاتەکەی ئامادەیە وەڵامی زیاتری هێرشی گروپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بداتەوە.

جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا لە نامەیەکدا بۆ گۆنگرێسی ئەو وڵاتە ئاماژەی بەوە کردووە، گرووپە میلیشیاکانی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران چەندین هێرشیان بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق و سووریا ئەنجامداون، لەوانەش هێرشی سەر بنکەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە فڕۆکەخانەی هەولێر لەلایەن کاتائیبی حزبوڵڵا.

سەرۆکی ئەمەریکا لە بەشێکی دیکەی نامەکەیدا ئەوەی خستووەتەڕوو، "ئەمەریکا ئامادەیە بۆ گرتنەبەری رێکاری زیاتر بۆ رووبەڕووبوونەوە و وەڵامدانەوەی هەر هێرشێک بکرێتە سەر بنکە و هێزەکانیان لە ناوچەکە".

ئەمە لە کاتێکدایە لە دوای سەرهەڵدانی جەنگی حەماس و ئیسرائیل لە غەززە و تاوەکو ئەمڕۆ؛ زیاتر لە 100 جار  لە عێراق و سووریا بە درۆن و مووشەک هێرشکراوەتە سەر هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان. بەهۆی هێرشەکانەوە دەیان سەربازی ئەمەریکی برینداربوون و "برینی بەشێکیان سەختە".  

ئێوارەی رۆژی چوارشەممەی دوێنێش، 27-12-2023، دژەتیرۆری کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد، لە نزیک گوندی ئاشۆکانی سەر بە ناحیەی بەحرکە لە هەولێر، درۆنێکی بۆمبڕێژکراو لەلایەن هێزەکانی هاوپەیمانانەوە خرایە خوارەوە و، هیچ زیانێکی گیانی و مادی لێنەکەوتەوە. دواتر "گرووپی مقاومەی ئیسلامی لە عێراق" بەرپرسیارێتیی هێرشەکەی لە ئەستۆ گرت.

لە ناوەڕاستی مانگی ئۆکتۆبەری ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستا، ئەمە 23ـەمین جارە ئەو گرووپە عێراقییە بە درۆن و مووشەک هەردوو فڕۆکەخانەی هەولێر و هەریر لە هەرێمی کوردستان دەکاتە ئامانج.

ئەمەریکا لە بەرامبەر ئەو هێرشانەی لە عێراق و سووریا دەکرێنە سەر هێزەکانی بێ دەنگ نەبووە و، تا ئێستا چەند جارێک بنکە و بارەگاکانی ئەو گرووپە چەکدارانەی کە وەکو خۆی دەڵێت، "سەر بە ئێرانن" کردووەتەوە ئامانج. دوایین جار، بۆردوومانکردنی سێ کۆگای فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانی حزبوڵڵا بوو لەنێو عێراقدا، کە بەهۆیەوە چەکدارێک کوژرا و 18 چەکدرای دیکەش برینداربوون.

هەرچی حکومەتی عێراقیشە، چەند جارێک سەرکۆنەی هەم بۆردوومانکردنی هێزەکانی ئەمەریکا و هەمیش وەڵامەکانی ئەمەریکا بۆ ئەو هێرشانە کردووە. رۆژی دووشەممە، 26-12-2023، حکومەتی عێراق لەبارەی بۆردوومانکردنی سێ کۆگای فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانی حزبوڵڵا، رایگەیاند، ئەو بۆردوومانانەى سوپاى ئەمەریکا زیان بە پەیوەندیى دوو قۆڵى نێوان هەردوو وڵات دەگەیەنێت و رێگەى گەیشتن بە لێکتێگەیشتن بۆ کۆتاییهێنان بە بوونى هاوپەیمانى نێودەوڵەتى لەرێگەى دیالۆگى هاوبەشەوە، ئاڵۆز دەکات.