حكومه‌تی عێراق کار بۆ هەموارکردنەوەی پڕۆژه‌یاسای دادگای فیدراڵی ده‌كات

دادگای باڵای فیدراڵی عێراق
دادگای باڵای فیدراڵی عێراق

K24 - هەولێر

حكومه‌تی عێراق له‌ڕێگه‌ی پێكهێنانی لیژنه‌یه‌كی ده‌ستوورییه‌وه‌ كار له‌سه‌ر پێداچوونه‌وه‌ به‌ ژماره‌یه‌ك بڕگه‌ی پڕۆژه‌یاسای دادگای فیدراڵی ده‌كات، به‌ڵام دیار نییه‌ پڕۆژه‌یاساكه‌ چۆن هه‌موارده‌كرێته‌وه.

له‌پاڵ ئه‌و گله‌یی و ره‌خنه‌ توندانه‌ی كورد و پێكهاته‌كانی عێراق له‌ به‌رامبه‌ر بڕیاره‌كانی دادگای باڵای فیدراڵی، به‌رده‌وام خستوویانه‌ته‌ڕوو و‌ بڕیاره‌كانی دادگاكه‌‌ به‌ تاكڕه‌و و هۆكاری سه‌رهه‌ڵدانی قه‌یرانی سیاسی ناو ده‌به‌ن؛ حكومه‌تی عێراقی ناچاركرد لیژنه‌یه‌كی ده‌ستووریی به‌هه‌ماهه‌نگی هێزه‌ سیاسی و نیشتمانییه‌كان پێبكهێنێت و له‌راوێژدابن تاوەكو كاری پێداچوونه‌وه ‌و هه‌مواری ژماره‌یه‌ك بڕگه‌ی پڕۆژه‌یاسای دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بكه‌ن كه‌ جێگه‌ی مشتوموڕ و ناكۆكین.

هه‌مواركردنه‌وه‌ی چه‌ند بڕگه‌ و ده‌قێكی یاسای دادگای فیدراڵی عێراق، پرسێكی تازه‌ نییه‌، به‌ڵكوو له‌ ساڵی 2021 په‌رله‌مانی عێراق هه‌وڵی هه‌مواركردنه‌وه‌ی دا و ئه‌ندامێكی یه‌ده‌گی بۆ دادگاكه‌ زیادكرد، ئه‌مه‌ش نیگه‌رانی كوردی لێكه‌وته‌وه‌، چونكه‌ دادوه‌ره‌ یه‌ده‌گه‌كه‌ له‌ حاڵه‌تی ئاماده‌نه‌بوونی دادوه‌ره‌ كورده‌كه‌، ده‌توانێت ده‌نگ بدات و شوێنه‌كه‌ی پڕ بكاته‌وه‌، ئه‌مه‌ش مه‌ترسی بۆ سه‌ر ئه‌و پرسه یاسایی و ده‌ستوورییانه‌‌ دروستكرد كه‌ په‌یوه‌ندییان به‌ هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ هه‌یه‌.

لە ماددەی ژمارە 92ی دەستووری عێراقدا هاتووه‌، دادگای باڵای فیدراڵی دەسته‌یەکه‌ له‌ڕووی دادوه‌ری دارایی و كارگێڕییه‌وه‌ سەربەخۆیه‌، لە چەند دادوەرێک و شارەزای فیقهی ئیسلامی و یاساناس پێکهاتووە، هه‌روه‌ك له‌ ماددەی 3ی ژمارە 30 ساڵی 2005دا هاتووه‌ په‌یكه‌ری دادگاكه لە سەرۆکێک و هەشت ئەندام پێکدێت.

به‌گوێره‌ی ماددەی 94 دەستووری عێراق، هەموو دەسەڵاتەكانی عێراق پابەند و ملكەچی بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی ده‌بن، هه‌روه‌ها له‌ مادده‌ی 93ی ده‌ستووری عێراقیشدا ئه‌ركی دادگاكه‌ی دیاریكردووه‌.

گرنگترین ئەرکەکانی دادگای فیدراڵی ئه‌مانه‌ن:

- چاودێریكردنی دەستووریبوونی یاسا و پەیڕەوە بەركارەكان.

- لێكدانەوەی دەقەكانی دەستوور.

- یەکلاکردنەوەی ئەو ناكۆكیانەی كە لەنێوان حكومەتی فیدراڵی و حكومەتی هەرێم و پارێزگا و شارەوانی و ئیدارە خۆجێییەكان روودەدەن.

- یەكلاكردنەوەی ئەو ناكۆكییانەی كە لەنێوان حكومەتی هەرێمەكان و پارێزگاكاندا دێنە ئاراوە.

- یەكلاكردنەوەی ئەو تۆمەتانەی كە ئاڕاستەی سەرۆك كۆمار، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و وەزیرەكان دەكرێن.

- پەسەندكردنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنە گشتییەكان بۆ ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران.

- یەكلاكردنەوەی ناكۆكی تایبەتمەندیی لەنێوان دادگای فیدراڵی، و دەستەی دادوەری هەرێم و پارێزگا رێكنەخراوەكان لەچوارچێوەی هەرێمدا.