محەممەد شوکری: بڕیاری حکومەتی هەرێم لەبارەی گرنگیدان بە دەستی کاری ناوخۆیی جێبەجێکراوە

محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان
محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 – هەولێر:

سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان ئاماژە بەوەدەکات، هۆکاری سەرەکی پێشکەوتنی وەبەرهێنان ئەو ئاسانکارییانەن کە حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشکەشیان دەکات.

محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، ساڵی 2023 دەبێتە یەکەم ساڵ کە زۆرترین پڕۆژەی وەبەرهێنان مۆڵەتی پێدراوە، کە 154 مۆڵەت بە کەرتی تایبەت دراوە، کە ئەمەش بەرزترین ژمارەی مۆڵەتی پڕۆژەی وەبەرهێنانە لە 2006ەوە تاوەکو ئێستا.

سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان، ئاماژەی بەوەدا، پێدانی زۆترین مۆڵەت بە پڕۆژەی وەبەرهێنان لەمساڵ دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ئاسانکارییەی کە حکومەتی هەرێمی کوردستان لەو سێکتەرەدا کردوویەتی، کە کاری لەسەر کەمکردنەوەی رۆتین کردووە.

محەممەد شوکری، هاوکات راشیگەیاند، ژمارەیەکی زۆر هەلی کار لە هەرێمی کوردستان لە رێگەی پڕۆژەکانی وەبەرهێنانەوە بۆ هاووڵاتییان رەخساوە.

سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان، گوتی: لەسەر بڕیاری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێستادا 75% لە کارمەند و کرێکارەکانی کۆمپانیاکان ناوخۆیین.

گوتیشی: حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاسانکاری زیاتر بۆ کەرتی تایبەت دەکات، بۆ ئەوەی ئەوانیش بواری کارکردنی زیاتر بۆ هاووڵاتییانمان دابین بکەن.

لەبارەی پلانی ساڵی داهاتووی دەستەی وەبەرهێنان، محەممەد شوکری، ئاماژەی بەوەکرد، ساڵی داهاتوو کار دەکەین بۆ دانانی بەردی بناغەی زۆرترین ناوچەی پیشەسازی، کە خۆی دەبینێتەوە لە دروستکردنی زۆرترین کارگە، هەروەها جگە لە کەرتی پیشەسازی زۆرترین سەرنجمان لەسەر کەرتی کشتوکاڵ و کەرتی گەشتوگوازریش دەبێت.