بەهۆی تەقینەوەی تانکەرێکی گواستنەوەی سووتەمەنی لە لیبیریا چل کەس گیانیان لەدەستدا

لیبیریا
لیبیریا

K24 – هەولێر:

بەرپرسێکی باڵای پزیشکی لە لیبیریا رایگەیاند، بەهۆی تەقینەوەی تانکەرێکی گواستنەوەی سووتەمەنی لە نێو هاووڵاتییاندا زیاتر لە چل کەس گیانیان لەدەستدا و دەیان کەسیش برینداربوون.

رووداوەکە لە شارۆچکەیەک کە 130 کیلۆمەتر لە باکووری رۆژهەڵاتی شاری مۆنرۆڤیای پایتەختەوە دوورە روویداوە، کاتێک تانکەرەکە لەسەر رێگا سەرەکییەکە لایداوە و کۆنترۆڵی لەدەستاوە و کەوتووتە ناو چاڵێکەوە و لە ئاکامدا تەقیوەتەوە، کە ئەمەش بووەتە هۆی گیان لەدەستدانی زیاتر لە 40 هاووڵاتیی و بریندارابوونی دەیانی دیکەش.

جۆرج ویای، سەرۆککۆماری لیبیریا ئەمڕۆ پێنجشەممە پرسە و هاوخەمی خۆی بۆ کەسوکاری قوربانییەکان دەربڕی.

لەلایەن خۆیەوە فرانسیس کاتیە، بەرپرسێکی باڵای پزیشکی رایگەیاندووە، تا ئێستا زیاتر لە چل کەس گیانیان لەدەستداوە و دەیان برینداریش لە نەخۆشخانەکانی سەرتاسەری وڵات چارەسەرکراون.

ئەو پزیشکە ئاماژەی بەوەداوە، زۆرینەی تەرمەکان سووتاون و ئەستەمە بتوانرێت بە وردی ژمارەیان بزاندرێت.

هەمان پزیشک بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندووە، لە دوای روودانی کارەساتەکەوە تیمەکان بۆ دیاریکردنی ژمارەی بێسەروشوێنەکان دەستیان بە گەڕان کردووە.

هەروەها ویا گوتی: کە وێنەکانی کارەساتەکە ترسناکن و داوای هاوکاریکردنی بەپەلە بۆ خێزانە زیانلێکەوتووەکان دەکەین.

جەختیشی لەوە کردەوە، کە رێکخراوی خاچی سووری نیشتمانی لیبیریا و حکومەتە پەیوەندیدارەکانی دیکە و دامەزراوەکان هاوکارن و بەردەوامن لە هەوڵەکانیان بۆ چارەسەرکردنی بریندارانی رووداوەکە.

سەرۆککۆماری لیبیریا، ئەستێرەی پێشووی تۆپی پێ و لە ساڵی 2018ـەوە سەرۆکایەتیی وڵاتەکە دەکات، بڕیارە لە 22ـی 1ـی 2024 دەسەڵات رادەستی رکابەرەکەی جۆزێف بۆاکای بکاتەوە، دوای شکستی لە قۆناغی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کە لە مانگی نۆڤەمبەری رابردوودا بەڕێوەچوو.

ئەم هەڵبژاردنانە دوای بیست ساڵ لە کۆتایی هاتنی شەڕە ناوخۆییەکانی لیبیریا هات کە لە نێوان ساڵانی 1989 بۆ 2003 کە زیاتر لە 250 هەزار کەس تێیدا کوژران.