چیا ئەمین: ئەمساڵ زیاتر لە 500 هەزار گەشتیار سەردانی زاخۆیان کردووە

چیا ئەمین، بەڕێوەبەری گشتی گەشتوگوزاری زاخۆ
چیا ئەمین، بەڕێوەبەری گشتی گەشتوگوزاری زاخۆ

K24 – هەولێر:

بەڕێوەبەری گشتی گەشتوگوزاری زاخۆ، رایدەگەیەنێت؛ قۆناغی دووەمی کۆڕنیشی زاخۆ جێبەجێ دەکرێت، هەروەها پڕۆژەی کۆڕنیشەکە رێژەی هاتنی گەشتیارانی بۆ زاخۆ زیاد کردووە.

چیا ئەمین، بەڕێوەبەری گشتی گەشتوگوزاری زاخۆ، لەمیانەی بەشداریکردنی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24 رایگەیاند، ماوەی دوو ساڵە زاخۆ بووەتە ئیدارەی سەربەخۆ لە ماوەی ئەم دوو ساڵەدا، پێشکەوتنێکی زۆری لە سەرجەم سێکتەرەکانەوە بەخۆیەوە بینیووە و بووژاوەتەوە، بە تایبەتی لە سێکتەری گەشتوگوزار.

بەڕێوەبەری گشتی گەشتوگوزاری زاخۆ، راشیگەیاند، قۆناغی یەکەمی "کۆرنیشی دەلال" لە زاخۆ بە کۆتایی هاتووە، کە پڕۆژەیەکی گەشتیاری و ستراتیژییە، هەروەها لە ئێستادا کارکردن بۆ قۆناغی دووەمی پڕۆژەکە دەستیپێکردووە.

چیا ئەمین، دەڵێت: بە تەواوبوونی کۆرنیشی دەلال لە زاخۆ، دەبێتە درێژترین کۆرنیش لە عێراق، هاوکات بەهۆی دروستکردنی ئەو کۆرنیشەوە ژمارەی هاتنی گەشتیاران بۆ زاخۆ زیادیکردووە.

گوتیشی: ئەمساڵ زیاتر لە 500 هەزار گەشتیار سەردانی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆیان کردووە.

بەڕێوەبەری گشتی گەشتوگوزاری زاخۆ، ئاماژەی بەوەدا، پلانێکی باش بۆ ئاهەنگی پێشوازی لە سەری ساڵی نوێ ئامادەکراوە، هەروەها گەشتیارانی هەموو ناوچەکان سەردانی زاخۆ دەکەن.

چیا ئەمین، سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا، سێکتەری گەشتوگوزار لە زاخۆ لە ماوەی ئەم دوو ساڵەدا پێشکەوتنێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، هەروەها زاخۆ دەبێتە بەهێزترین ناوچەی گەشتیاری لەسەر ئاستی عێراق.

لەبارەی پێشبینییان بۆ هاتنی گەشتیاران بۆ زاخۆ بەبۆنەی سەری ساڵەوە، بەڕێوەبەری گشتی گەشتوگوزاری زاخۆ، رایگەیاند؛ پێشبینی دەکەن نزیکەی 100 هەزار گەشتیار بیانی و ناوخۆیی سەردانی زاخۆ بکەن بەبۆنەی ئاهەنگەکانی سەری ساڵەوە.

سەرنجی خستە سەر ئەوەش، زاخۆ دەبێتە گەورەترین پایتەختی پێشوازی لە سەری ساڵی نوێ.

لەبارەی پڕۆژەی نوێیان بۆ ساڵی 2024، چیا ئەمین گوتی: لە پلانماندایە بۆ ساڵی 2024 سێ تا پێنج هۆتێلی پێنج ئەستێرەیی لە زاخۆ دروستبکەین.