ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای نه‌ینه‌وا راگه‌یه‌ندرا

كۆمیسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق
كۆمیسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق

K24 – هەولێر:

كۆمیسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق ئه‌نجامی كۆتایی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكان راده‌گه‌یه‌نێت و ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات له‌ پارێزگای نه‌ینه‌وا 906 هه‌زار و 294 ده‌نگی دروست هه‌ژمار كراوه‌ و به‌سه‌ر 29 كورسی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای ئه‌و شاره‌ دابه‌ش ده‌كرێت، كه‌ لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان توانیویه‌تی چوار كورسی به‌ده‌ستبهێنێت.

ئه‌مڕۆ (پێنجشه‌ممه‌ 28ـی كانوونی یه‌كه‌می 2023) كۆمیسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق ئه‌نجامی كۆتایی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكان راگه‌یاند و ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد دوای پێداچوونه‌وه‌ به‌ سكاڵاكان ئه‌نجامه‌كان له‌ پارێزگای نه‌ینه‌وا به‌م شێوه‌یه‌ بووه‌ كه‌ كۆی گشتی ده‌نگه‌كان بریتی بووه‌ له‌ 906 هه‌زار و 294 ده‌نگ و به‌سه‌ر 29 كورسیدا دابه‌ش ده‌كرێت و 19 كورسی بۆ پیاوان و حه‌وت كورسی بۆ ئافره‌تان و سێ كورسیش بۆ كۆتای پێكهاته‌كان ده‌بێت.

كۆمیسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق روونیشیكردووه‌ته‌وه‌، لیستی نه‌ینه‌وا بۆ خه‌ڵكه‌كه‌ی توانیویه‌تی 148 هه‌زار و 769 ده‌نگ به‌ده‌ستبهێنێت، كه‌ كۆی كورسییه‌كانی ده‌كاته‌ پێنج، هه‌روه‌ها لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان 141 هه‌زار و 52 ده‌نگی به‌ده‌ستهێناوه‌ و بووه‌ته‌ خاوه‌نی چوار كورسی له‌ ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای نه‌ینه‌وا.

كۆمیسیۆن ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووه‌، هاوپه‌یمانی گرێبه‌ستی نیشتمانی 87391 ده‌نگ و سێ كورسی، سیاده‌ 75074 و ده‌نگ و دوو كورسی، هاوپه‌یمانی ته‌قه‌دومی نیشتمانی/ ته‌قه‌دوم 74188 و دوو كورسی، حه‌سمی نیشتمانی 61662 ده‌نگ و دوو كورسی، هاوپه‌یمانی حه‌دبای نیشتمانی 61364 و دوو كورسی، هه‌ویه‌ی نیشتمانی 54791 ده‌نگ و دوو كورسی، ئیتیحادی ئه‌هلی نه‌ینه‌وا 50606 ده‌نگ و دوو كورسی، هاوپه‌یمانی عه‌زم 46648 ده‌نگ و یه‌ك كورسی، حزبی نیشتمانی بۆ نوێبوونه‌وه‌ 43657 و یه‌ك كورسی، محه‌ممه‌د عارف یوسف قه‌مبه‌ر شه‌به‌كی/ شه‌به‌ك 14440 ده‌نگ و یه‌ك كورسی، عیدان شیڤان شرۆ سلێمان/ ئیزدی 6582 ده‌نگ و یه‌ك كورسی، بزووتنه‌وه‌ی بابیلۆن/ مه‌سیحی 6195 ده‌نگ و یه‌ك كورسییان به‌ده‌ستهێناوه‌.

هه‌روه‌ها كۆمیسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كان رایگه‌یاندووه‌، كاندیدانی لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان ئه‌حمه‌د نازم دووبه‌ردانی،‌ نۆ هه‌زار و 158 ده‌نگ، ئه‌حمه‌د كه‌نعان عه‌بدولغه‌فور هه‌شت هه‌زار و 234 ده‌نگ، فارس سدیق بریفكانی حه‌وت هه‌زار و 580 ده‌نگ، ئیریڤان مه‌هدی حاجی علۆ شه‌ش هه‌زار و 517 ده‌نگیان به‌ده‌ستهێناوه‌.

هه‌روه‌ها كۆمیسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق باسی له‌وه‌ش كرد، دوای راگه‌یاندنی ئه‌نجامی كۆتایی، هه‌ر كه‌س و لایه‌نێك ده‌توانێت تانه‌ له‌ ئه‌نجامه‌كان بدات، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش وه‌رگرتنی تانه‌ له‌ رۆژی هه‌ینی 29ـی كانوونی یه‌كه‌می 2023 ده‌ستپێده‌كات و رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ 1ـی كانوونی دووه‌می 2024 كۆتاییپێدێت.

سەر لە بەیانیی رۆژی دووشەممە، 18-12-2023، هەڵبژاردنی گشتیی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق لە 15 پارێزگای عێراق، ناوچە کوردستانییەکان و هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد و، تا کاتژمێر 06:00ـی ئێوارەی هه‌مان رۆژ بەردەوام بوو. هەڵبژاردنەکە بۆ جاری یەکەمە لە دوای ساڵی 2005 لە پارێزگای کەرکووک دەکرێت.

پارتی وەک تاکە لایەنی سەرەکی کوردستانی لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لیستی سەربەخۆی هەبوو و بە ناو و لۆگۆی خۆی بە لیستی ژمارە (197) بەشداری لە هەڵبژاردن كرد و 52 کاندیدی هەبوو كه‌ لە زۆربەی پێکهاتە ئایینی و نەتەوەیی و ناوچەییەکانی پارێزگاکە پێکهاتبوون.

64