كۆرش عەزیزی: تا مردن گۆرانی بۆ هاوسەرەكەم دەڵێم

کۆرش عەزیزی، هونەرمەندی گۆرانیبێژ
کۆرش عەزیزی، هونەرمەندی گۆرانیبێژ

K24 – هەولێر:

کۆرش عەزیزی، هونەرمەندی گۆرانیبێژ لە هەڤپەیڤینێکدا بۆ کوردستان24 باس لە ژیانی تایبەتی و هونەری خۆی دەکات، هاوکات لەبارەی دابینکردنی بژێوی ژیانییەوە دەڵێت: لەرێگەی كاری هونەرییەوە بژێوی ژیانی دابینكردووە لەگەڵ ئەوەشدا كاری كڕین و فرۆشتنی خانوو و زەوی دەكات کە هۆكارێكی دیكەیە بۆ دابینكردنی  بژێوی ژیانی.

كۆرش عەزیزی، هونەرمەندی گۆرانیبێژ نوێترین بەرهەمی بە ناوی "بێوەفایی" بڵاودەكاتەوە گوتیشی: "ئاوازی فۆلكلۆرە، محەممەد نیكۆی كاری مۆسیقا و دەنگی بۆ كردووە، لەلایەن  ناسر حەیدەرییەوە كاری ڤیدیۆ كلیپی بۆ كراوە".

كوردستان24: باسی نوێترین كاری هونەری خۆتمان بۆ بكە؟

كۆرش عەزیزی: نوێترین كاری هونەریم بەناوی "بێوەفایی"وەیە ئاوازی فۆلكلۆرە محەممەد نیكۆی كاری مۆسیقا و دەنگی بۆ كردووە لەلایەن  ناسر حیدەریەوە كاری ڤیدیۆكلیپی بۆ كردووە پێشتریش بۆ جەژنی نەورۆز نوێترین گۆرانیم، بەناوی "چاوڕەش" ئاواز و هۆنراوەی سەباح موقەدەم،  محەممەد مكۆی لە ستۆدیۆ باران كاری دەنگی بۆ كردووە بڵاوكردووەتەوە.

كوردستان24: هۆكار چییە زۆرترینی گۆرانیەكانت لەجۆری شادن؟

كۆرش عەزیزی: بۆ یەكەم جار لەهەرێمی كوردستان بە گۆرانی شاد ناسرام و دەركەوتووم بەشداری ئاهەنگەكان دەكەم، بەڵام لە شەوە ئاهەنگەكاندا لە رۆژهەڵاتی كوردستان گۆرانییەكانی هونەرمەند حەسەن زیرەك دەڵێمەوە، كە لە ستایلی خاوە خۆشم ئارەزووی گۆرانی خاو دەكەم، گۆرانی خاویش دەڵێم.

كوردستان24: تا ئێستا چەند گۆرانیت پێشكەشی هەوادارانت كردووە؟

كۆرش عەزیزی: خاوەنی چوار ئەلبوومی گۆرانی و چل ڤیدیۆ كلیپم هەیە، ماوەی 35 ساڵە گۆرانی دەڵێم و بەردەوامیش دەبم.

كوردستان24: هونەرەكەت بووەتە سەرچاوەی داهاتی رۆژانەت ؟

كۆرش عەزیزی: لەرێگەی كاری هونەرییەوە بژێوی ژیانم دابینكردووە لەگەڵ ئەوەشدا كاری كڕین و فرۆشتنی خانوو و زەوی دەكەم، کە هۆكارێكی دیكەیە بۆ دابینكردنی  بژێوی ژیانم.

كوردستان24: باس لەوە دەكرێت كەسانێك هونەری گۆرانی كوردیان شێواندوە ئێوە لەو بارەیەوە چی دەڵێن؟

كۆرش عەزیزی: لە بواری گۆرانی شادا بەندبێژی باشمان لەكۆندا هەبووە، لە ئێستاشدا هونەرمەندان تایبەتمەندی خۆیان هەیە، داوام لەهونەرمەندانی بەندبێژ هەیە هونەری بەندبێژی نەڕوات بەلایەكی خراپدا.

كوردستان24: بەدەنگی چ هونەرمەندێك سەرسامیت  كاریگەری لەسەر كارە هونەرییەكانت هەیە؟

كۆرش عەزیزی: بە دەنگی هونەرمەندانی وەك سەید محەممەدی سەفایی، محەممەد كیلەشینی، جەلالی كەریمی، عەباس كۆڵەوەس، عەلی دەسەناس و برایانی سەیدی چەندانی دیكەش كاریگەریان هەبووە لەسەر بەرهەمە هونەرییەكانم، هەم خۆشم وەك هونەرمەند بەكارە هونەرییەكانیان سەرسام بووم.

كوردستان24: گۆرانییەكت هەیە بۆ كەسێكی تایبەت گوتبێت لە ژیانتا یان نا؟

كۆرش عەزیزی: بەڵێ من بە خۆشەویستی ژیانی هاوسەرگیرم پێكهێناوە و هەموو هەست و سۆز و گۆرانییەكانی من بۆ هاوسەرە خۆشەویستەكەمە هەتا مردن گۆرانی بۆ دەڵێم،  پێكەوە دەژین خاوەنی دوو كچ و كوڕێكم.

كوردستان24: قسەیەك هەیە دەگوترێت گۆرانی ئێستا بەراورد بە رابردوو زوو لەبەر دڵاندا نامێنێت بە بڕوای ئێوە هۆكار چییە؟

كۆرش عەزیزی: هۆكارەكەی ئەوەیە ئەو هونەرمەندانەی لەكۆندا كاری هونەرییان كردووە وەك حەسەن زیرەك و چەندان هونەرمەندانی دیكە لەماوەی مانگێكدا یەك كۆپلە گۆرانیان تۆماركردووە پاشان دوای دوو مانگ كۆپلەیەكی دیكەیان گوتووە ئەو كات بووە بە گۆرانییەكی تەواو بۆ ئەم كارەیان ماندوبوونی زۆریان بینیوە جا هەر كارێكیش زۆر پێوەی ماندوبوویت دەمێنێتەوە كارێكی باش دەبێت، بەڵام پێموایە ئێستا ئەو ماندوبوونە نەماوە، بۆیە گۆرانی هێندە نامێنێتەوە لەگوێی گوێگردا.

كوردستان24: چی ئالەتێكی میوزیكی دەزانیت؟

كۆرش عەزیزی: تەنیا دەف و تەپڵ دەزانم لەگەڵ گۆرانیەكانمدا لە ماڵەوە لێدەدەم وەك پڕۆڤەیەك، زۆر حەزم دەكرد ئامێرە میوزیكییەكانی دیكە بزانم، بەڵام دەرفەت نەبووە، بەڵام هەردوو كچەكەم لەهەوڵی فێربونی ئامێری عود و كەمانچەن چاوەڕێی ئەو رۆژەم كچەكانم ئامێری میوزیکیم بۆ بژەنن و منیش گۆرانی بڵێم.