ئەمساڵ 3000 تووشبووی شێرپەنجە لە نەخۆشخانەی هیوا تۆمارکراون

نەخۆشخانەی هیوا
نەخۆشخانەی هیوا

K24 – سلێمانی:

بەپێى ئامارێکى نەخۆشخانەى هیوا رێژەى تووشبووانى شێرپەنجە لە ساڵى 2023 نزیکەى سێ هەزار کەسى تێپەڕاندووە و ساڵانەش ئامارەکانى تووشبوون بە شێرپەنجە زیاد دەکات، پزیشکێک ئاشکرایدەکات؛ کە باوترین و بەربڵاوترین جۆرى شێرپەنجە، شێرپەنجەى مەمکە.

ئیسماعیل حەمە کەریم، تووشبووى شێرپەنجە، نزیکەى ساڵێک دەبێت تووشى شێرپەنجەى سییەکان بووە بەپێى ئەو چارەسەرەى کە پزیشک بۆى داناوە دەبێت 21 رۆژ جارێک سەردانى نەخۆشخانەى هیوا بکات و چارەسەرى کیمیاوى وەربگرێت.

هاوکات ئیسماعیل بە کوردستان24ـی راگەیاند، پێویستە هەموو کەسێک لە سێ مانگ، یاخود شەش مانگ جارێک بێت پشکنین بکات بۆ شێرپەنجە، بۆ ئەوەی خوانەخواستە ئەگەر هەشیبێت بتوانێت بە خێرایی کۆنتڕۆڵی بکات و چارەسەر وەربگرێت.

بەپێى ئامارەکان بێت تا کۆتایییەکانى مانگى 12ـی ئەمساڵ نزیکەى سێ هەزار تووشبووى نوێى شێرپەنجە لە نەخۆشخانەى هیوا تۆمارکراون،  ساڵى رابردووش سێ هەزار و 41 تووشبوو تۆمارکرابوون، کە پێشبینى دەکرێت ئامارەکانى ئەمساڵ زیاتر بێت چونکە بەشێک لە تووشبووان لەو نەخۆشخانەیە تۆمارناکرێن و 9%ـی تووشبووان خەڵکى پارێزگاکانى دیکەى عێراقن و 10%ـی منداڵانن و بە پلەى یەکەمیش شێرپەنجەى مەمک بە باوترین جۆرى شێرپەنجە دادەندرێت، دواتر شێرپەنجەى قۆڵۆن، سییەکان و خوێن دێن.

لەلایەن خۆیەوە، دکتۆر محەممەد عەبدوڵڵا، بەرپرسى هۆبەى کۆنتڕۆڵى شێرپەنجە لە نەخۆشخانەى هیوا بە کوردستان24ـی گوت: باوترین جۆرەکانی شێرپەنجە وەکو 2023، 2022 و 2021 هەمان جۆرن کە باوترینیان شێرپەنجەی مەمکە کە بە نزیکەیی 18%ـی و لە دەیا پێنجی هەموو تووشبووانی شێرپەنجە دەنوێنێ بە واتایەکی تر لەهەموو پێنج تووشبوویەکدا دوویان شێرپەنجەی مەمکە، کە 99%ـی بەداخەوە لە ناو خانماندا هەیە.

گوتیشی: باشترین پڕۆگرامی دۆزینەوەی پێشوەختەی شێرپەنجە بریتییە لە دۆزینەوەی پێشوەختەی شێرپەنجەی مەمک کە بەداخەوە نە لە سلێمانی و نە لە ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراقدا ئەم پڕۆگرامە بەشێوەیەکی چالاک نەبیندراوە.

بەپێی ئامارەکانی ئەم نەخۆشخانەیە بێت، ئەوا تووشبوون بە شێرپەنجە ساڵ بە ساڵ لە زیادبووندایە، پزیشکانی پسۆڕ لەوبارەیەوە هۆشداری دەدەن و دووپاتیش دەکەنەوە، کە پێویستە بۆ ڕێنمایی خەڵک و چارەسەری شێرپەنجە  هەڵمەتێکی هۆشیاری نیشتیمانی رابگەیەندرێت، هەر بە گوتەی ئەوان، ئەگەر دۆخەکە هەروابێت ئەوا چارەسەری تووشبووانی شێرپەنجە زۆر ئەستەم دەبێت.