وەزارەتی دارایی روونکردنەوەیەک لەبارەی دابەشکردنی مووچە و خەرجی و داهاتەوە بڵاودەکاتەوە

وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان
وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 – هەولێر:

وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە روونکردنەوەیەکدا ئاماژە بەوەدەکات، لە ساڵی 2023ـدا 10 مووچەیان دابەشکردووە و داهاتی ناوخۆش کە کۆدەکرێتەوە تەنیا پارەی کاش نییە بەڵکو بەشێکی ئەو داهاتە ئەمانەت و چەک و قەرزە و دوای لێدەرکردنی پشکی وەزارەتەکان ئەوەی دێتەوە خەزێنەی وەزارەتی دارایی مانگانە نزیکەی  170 بۆ 200 ملیار دینارە.

رۆژی هەینی (29ـی کانوونی یەکەمی 2023) وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە روونکردنەوەیەکدا وەڵامی ناوەڕۆکی راپۆرتێکی میدیای بزووتنەوەی گۆڕان دەداتەوە و دەڵێت: "شەوی سێ شەممە (26-12-2023) کەناڵی کەی ئێن ئێن لە میانی راپۆرتێکدا چەندین داتا و زانیاری هەڵەی لەسەر داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و شێوازی دابەشکردنی مووچە خستۆتەڕوو کە سەرجەمیان خەیاڵی ئامادەکاری راپۆرتەکە بووە و بەئارەزووی خۆی هۆنیویەتییەوە، بەپێوستمان زانی هەندێک لە راستییەکان باس بکەین تەنها بۆ بیرخستنەوەی ئەو جۆرە کەسانەی زەینیان کوێرە و مێژوویان بیر ئەچێتەوە".

وەزارەتی دارایی رایگەیاندوو: "بەدرێژایی ساڵی 2023 وەک وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان 10 مووچەی تەواومان دابەش کردووە کە مووچەیەکیان هی مانگی 12ـی ساڵی 2022 بووە و نۆ مووچەشیان هی ساڵی 2023 بووە، لەساڵی 2023 حکومەتی عێراق تەنها چوار ترلیۆن و 295 ملیار دیناری بۆ هەرێمی کوردستان ناردووە کە لەو ژمارەیەدا سێ ترلیۆن و 700 ملیار دیناری وەک قەرز بووە و 598 ملیار دیناریشی وەک شایستەی هەرێمی کوردستان لە مانگی حوزەیران هەژمار کراوە".

لە روونکردنەوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە: "پشکی خەمڵێندراوی هەرێمی کوردستان لە یاسای بوجەی ساڵی 2023 عێراق نزیکەی 16 ترلیۆن و 498 ملیار دینار بووە، بەڵام بە پێوەری ئینفاقی فیعلی پشکی هەرێم لە کۆی ساڵەکە کە حکومەتی عێراق بۆ حکومەتی هەرێمی تەرخان کردووە نزیکەی ( شەش ترلیۆن و 300 ) ملیار دینارە، لەکاتێکدا حکومەتی هەرێم بەس بۆ مووچە لە ساڵێکدا پێویستی بە نزیکەی (11) ترلیۆن دینارە بەو پێیەش کورتهێنان بۆ مووچە لە ساڵێکدا نزیکەی پێنج ترلیۆن دینارە، کە دەکاتە نزیکەی مووچەی شەش مانگی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێم".

لە خاڵێکی دیکەی روونکردنەوەکەی وەزارەتی داراییدا هاتووە: "یەکێکە لە کێشە گەورەکانی یاسای بودجەی 2023ـی عێراق، بوونی بڕگەی ئینفاقی فیعلی (خەرجی کرداری) بوو کە بەپێی ئەو بڕگەیە پشکی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2023 مانگانە لە دەوروبەری 500 ملیار دینار تێپەڕناکات، لە کاتێکدا مووچەی  فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان مانگانە 913 ملیار دینارە بەپێی ئەو داتا و ئامارانەی لە راپۆرتەکانی تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێری دارایی عێراق و هەرێمی کوردستانەوە پەسەند کراون، ئەوە جگە لە هاوکاری هاوپەیمانان بۆ هێزی پێشمەرگە کە مانگانە بڕەکەی نزیکەی (25) ملیار دینارە".

وەزارەتی دارایی روونیکردووەتەوە: "بەهۆی ئەو کورتهێنانەی زۆرەی بۆ مووچە دروست بوو بوو، ئەگەر لە 100% داهاتی ناوخۆش بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی مووچە تەرخان بکەین هێشتا بەتەواوی ناتواندرێت مووچەی پێ دابەش بکەین بۆیە هەندێک مانگ ناچاربووین داهاتی ناوخۆی دوو مانگ بۆ کورتهێنانی مووچەی مانگێک تەرخان بکەین کە کورتهێنانەکە نزیکەی 340 ملیار دینار بوو".

لەبارەی داهاتی ناوخۆی هەرێمی کورستانەوە وەزارەتی دارایی ئاشکرایکردووە: "مانگانە نزیکەی 320 ملیار دینارە و لە ساڵێکدا نزیکەی چوار ترلیۆن دینارە، بە پێی راپۆرتەکانی تەرازووی پێداچونەوەی مانگانە کە بەشی زۆری ئەو داهاتە لە پێنج سەرچاوەی سەرەکییەوە بەدەست دێن لەوانە داهاتی ( گومرگ و باج و کارەباو هاتووچۆ و بەڕێوبەرایەتییەکانی تۆماری خانووبەرە)، بەڵام بەشێکی ئەو داهاتە ئەمانەت و چەک و قەرزە و دوای لێدەرکردنی پشکی وەزارەتەکان کە بەپێی یاساو بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران بۆیان تەرخان کراوە، ئەوەی وەک کاش دێتەوە خەزێنەی وەزارەتی دارایی مانگانە نزیکەی  170 بۆ 200 ملیار دینارە.

هەروەها باسی لەوەشکردووە: "زیاتر لە دوو ترلیۆن دیناری داهاتی ناوخۆ لە ساڵی 2023 بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی ئەو 10 مووچەیە بەکارهێندراوە کە بەدرێژایی ساڵی 2023 دابەشکراوە، پاشماوەکەشی بۆ خەرجییەکانی بەکاربردن (پێشینە و خەرجی مانگانەی دامودەزگاکانی حکومەت) دەڕوات و شتێکی ئەوتۆی بۆ خەرجی وەبەرهێنان نامێنێتەوە.

وەزارەتی دارایی راشیگەیاندووە: خەرجی مانگانەنەی دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێم لەگەڵ پێشینەی وەزارەت و دامودەزگاکان مانگانە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان نزیکەی 170  ملیار دینارە و ئەوەش هەمووی لە داهاتی ناوخۆ دابین دەکرێت کە لە ساڵێکدا نزیکەی دوو ترلیۆن دینارە.

هاوکات وەزارەتی دارایی جەختی کردووەتەوە: "لە روانگەی بڕوابوونمان بە بنەماکانی شەفافیەت و چاودێری، هەمیشە دەرگامان بۆ تیمە هاوبەشەکانی دیوانی چاودێری دارایی عێراق و هەرێم کراوە بووە و وردبینی لەسەرجەم ژمارە و داتا و زانیارییەکان کراوە و دواتر بە راپۆرت پەسەند کراوە و بەرزکراوەتەوە بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان".

لەبارەی توانای حکومەت بۆ دابەشکردنی مووچەیەکی دیکە، وەزارەتی دارایی لە روونکردنەوەکەیدا نووسیویەتی: "ئەو نەزانانەی کە دەڵێن حکومەت توانای مووچەیەکی تری هەبوو لەمساڵدا بەڵام دابەشی نەکرد، دەبێت بەبیریان بێنینەوە ئەو 320 ملیار دینارەی داهاتی ناوخۆ هەمووی کاش نییە و بەشێک چەک و قەرز و ئامانەتە، بەلامانەوە گرنگە رای گشتی و میدیاکانیش بزانن حکومەتی هەرێم تەنها دابەشکردنی مووچەی لە ئەستۆ نییە، بەڵکو خەرجی بەکاربردن و وەبەرهێنان و چەندین بەرپرسیاریەتی تری دارایی لە ئەستۆیە کە مانگانە دەبێت پارەی بۆتەرخان بکات".

0
0