لە غەززە دایکێک بە سکێک چوار منداڵی بوو

لە غەززە دایکێک بە سکێک چوار منداڵی بوو (وێنە: AFP)
لە غەززە دایکێک بە سکێک چوار منداڵی بوو (وێنە: AFP)

K24 - هەولێر

لە کاتێکدا خەڵكی کەرتی غەززە بەدەست نەبوونی خۆراک و ئاو و پێداویستییەکانی ژیان دەناڵێنن، دایکێک بە سکێک چوار منداڵی بوو.

ئیمان میسڕی خەڵکی کەرتی غەززەیە و بەهۆی جەنگی ئیسرائیل و حەماسەوە؛ هاوشێوەی ملیۆنێک و 900 هەزار کەسی ئەو کەرتە ئاوارە بووە.

لە کاتی چۆڵکردنی ماڵوحاڵی دووگیان بوو و دوای ئەنجامدانی نەشتەرگەری بە سکێک چوار منداڵی دەبێت، بەڵام بەهۆی خراپی بارودۆخی غەززە، منداڵە تازە لە دایکبووەکان نەشۆردراون و هیچ خۆراکێکی بەسوودی نییە بیخوات تا شیر بە منداڵەکانی بدات.

ئیمان ئاماژە بەوە دەدات، "منداڵەکان زۆر لاوازن و کەشوهەوا ساردە و شوینێکیش نییە بتوانم بیانشۆم، بۆردوومانەکان بەردەوامن و ترسم هەیە منداڵەکان لە پەنجەرەکان نزیکبن. هەوڵدەدەم شیریان پێبدەم، بەڵام هیچ خۆراکێک نییە بیخۆم تا شیر بە منداڵەکانم بدەم."

ئیمان لەگەڵ هاوسەر و منداڵەکانی خۆیان لە قوتابخانەیەک حەشارداوە و یەکێک لە منداڵەکانی لە نەخۆشخانە ماوەتەوە و لەژێر چاودێری پزیشکیدایە.

هاوسەری ئیمان هەموو بەیانییەک زوو دەچێتە دەرەوە و بەدوای خۆراک دەگەڕێت، بە هیوای ئەوەی ئێوارە کە گەڕاوە بە دەستبەتاڵی نەگەڕێتەوە.

عەماری هاوسەری ئیمان دەڵێت، "پێشبینیم نەدەکرد جەنگەکە زۆر بخایەنێت و بڕوام وابو 10 رۆژ دەخایەنێت، بۆیە هیچمان لەگەڵ خۆمان نەهێنا. لەپێناو تێرکردنی منداڵەکانم نان ناخۆم، بەیانییان کاتژمێر پێنج دەڕۆم و چاوم پێیان ناکەوێت، ئەوە دووەم جارە لە باوەشیانم کردبێت."

عەمار و ئیمان خاوەنی شەش منداڵن، لە دۆخێکی نەلەباردان، جگە لە نەبوونی ئاو و خۆراک، مەترسی فڕۆکەکانی ئیسرائیلیش ئەوانی تۆقاندووە.

هەروەها ئیمان دوای نەشتەرگەرییەکەی، نەیتوانیوە پشووبدات و مەترسیش لەسەر دۆخی تەندروستی دوو لە منداڵەکانی هەیە.