لە بارزان هەشت هەزار بەڕوو دەچێندرێن

فۆتۆ: تەیفور محەممەد
فۆتۆ: تەیفور محەممەد

K24 - هەولێر

ئەمڕۆ لە بارزان هەڵمەتێک بۆ چاندنی بەڕوو بەڕێوەدەچێت، لە گۆڕستانی جینۆسایدی بارزانییەکان هەشت هەزار بەڕوو دەچێندرێن.

ئەو هەڵمەتە لایەن بەتالیۆنی ژینگەپارێزی مێرگەسۆر، بەڕێوەدەچێت، ژمارەیەکی زۆر لە چین و توێژەکانی دەڤەری بارزان، بەشدارن لە هەڵمەتەکە کردووە.

حەسەن دۆڵەمەڕی، فەرماندەی بەتالیۆنی ژینگەپارێزی مێرگە سۆر، بە کوردستان24ـی راگەیاند: "بۆ رێزگرتن لە خوێنی هەشت هەزار ئەنفالکراوی بارزانی، کە ستەمیان لێکراو ئەنفالکران، هەشت هەزار بەڕوو لە گۆڕستانی ئەنفالکراوان دەچێندرێن".

گوتیشی: "بەو پێیەی داری بەڕوو دارێکی پیرۆزە لەلای ئێمە، لەسەر فەرمانی سەرۆک بارزانی، کە داری بەڕوو بە ئاسانی ناسووتێ، لەناو ناچێت و گونجاوە بۆ ناوچەکە بۆیە هەڵمان بژاردووە، کە لەگەڵ کەشوهەوای ناوچەکەش دەگونجێت".

فەرماندەی بەتالیۆنی ژینگەپارێزی مێرگەسۆر راشیگەیاند: "هەڵمەتەکە ئەمڕۆ دەستمان پێکردووە بۆ ماوەی دوو رۆژ بەردەوام دەبێت، هەر تاکێک لە خەڵکی بارزان بەرپرسن لە ژینگەکەی خۆیان و بە خاوێنی رایانگرتووە لەسەر فەرمانی شێخ عەبدولسەلام و سەرۆک بارزانی، کە پەیامییان ژینگەپارێزی و ژینگە دۆستیی بووە، بۆ هاووڵاتییانی ئەم دەڤەرە، تا ئێستاش دڵسۆزییان بۆ ژینگەکەیان بەردەوامە".