حكومه‌تی هه‌رێم: ساڵانە له‌ كه‌لار 1500 تۆن قارچك بەرهەم دەهێنرێت و به‌شێكی هەناردەی شارەکانی عێراق دەکرێت

"كارگەكە هەلیكاری راستەوخۆی بۆ 50 هاووڵاتی رەخساندووە، ناڕاستەوخۆش 150 هاووڵاتی لە چالاكییەكانی كارگەكە سوودمەندن"

K24 - هەولێر:

فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، له‌ كه‌لار ساڵانە 1500 تۆن قارچك بەرهەم دەهێنرێت، جگە لە ناردنی بۆ بازاڕە ناوخۆییەكان، هەناردەی شارەکانی عێراقیش دەکرێت.

له‌ چوارچێوه‌ی راگه‌یه‌ندراوێكی فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا هاتووه‌، لە شاری كەلاری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان، كارگەیەكی بەرهەمهێنانی قارچك، ساڵانە 1500 تۆن قارچك بەرهەم دەهێنێت، جگە لە ناردنی بۆ بازاڕە ناوخۆییەكان، هەناردەی ناوەڕاست و خوارووی عێراقی دەكات.

هێرش محەممەد، خاوەنی كارگەكەیە و بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی راگەیاند، "كارگەكەمان توانیویەتی بەرهەمی ناوخۆیی دابین بكات و لە سلێمانی و كەلار بەرهەمەكەی بڵاوبكاتەوە، هەروەها قارچ رەوانەی ناوەڕاست و خوارووی عێراق دەكەین. پلانیشمان هەیە ساڵی ئاییندە لە مانگی ئاداردا ئەم بەرهەمە رەوانەی وڵاتانی كەنداو بكەین".

فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری ئه‌وه‌شی خستووه‌ته‌ڕوو، كارگەكە هەلیكاری راستەوخۆی بۆ 50 هاووڵاتی رەخساندووە، ناڕاستەوخۆش 150 هاووڵاتی لە چالاكییەكانی كارگەكە سوودمەندن.

كاڵێ شێركۆ، لاوێكی دەرچووی زانكۆیە و لەو كارگەیەدا كاردەكات، گوتی:"من وەك دەرچوویەكی زانكۆ، هەلیكارم لەم كارگەیەدا دەستكەوتووە، بەهیوام كارگەی زیاتری بەروبوومەكان بكرێنەوە، تاكو گەنجانی وەك من هەلیكاریان بۆ بڕەخسێت".

بەرهەمهێنانی كشتوكاڵی لە كابینەی نۆیەمدا گەشەیەكی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، ئەوەش بووەتە هۆی زیادبوونی بەرهەمی ناوخۆیی و هەناردەكردنی بەشێكی زۆری ئەو بەرهەمانە بۆ دەرەوەی وڵات. پێشبینییش دەكرێت ساڵانی ئاییندە، ئاستی خۆبژێویی ناوخۆیی و هەناردەكاریی بەروبوومەكان زیاتر دەركەوێت.

76
78