ئومێد خۆشناو: لەبارەی یانەی هەولێر: بەدڵنیاییەوە گۆڕانكاری دەكەین

ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر
ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر

ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر لە بەرسیڤێكی رۆژنامەوانیدا لەبارەی دۆخی ئێستای یانەی هەولێر رایگەیاند بەدڵنیاییەوە لە دوای سەری ساڵ بەدواداچوونی ورد بۆ كێشەی هەولێر دەكەن.
ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە، 30 دێسێمبەری 2023، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر لە پرێس كۆنفرانسێك جەختی لەوە كردەوە بە ئەنجامەكانی ئێستای یانەی هەولێر رازی نین، دەشڵێت: لە دوای سەری ساڵ بە وردی بەدواداچوون بۆ دۆخی ئێستای یانەی هەولێر دەكەین و لە پێناو شكۆ و ناوی هەولێر ئەگەر پێویست بكات گۆڕانكاری لە دەستەی كارگێری یانەی هەولێر دەكەین.
ئومێد خۆشناو گوتیشی: لەو ئەنجامانەی ئێستای یانەی هەولێر رازی نین، لەڕووی گۆڕانكارییەوە هەر شتێك پێویست بێت دەیكەین، گۆڕانكاریكردن لە دەستەی كارگێری یانەی هەولێر كارێكی ئاساییە، ئەگەر گۆڕانكاری نەكرێت ئەوەیان دەبێتە نائاسایی.
پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بۆ ئەوەش دەكات پێشوازی لە داواكارییەكانی هاندەرانی یانەی هەولێر دەكەین، ئەوان خاوەنی راستەقینەی یانەكەن، دەشڵێت: بینینی گریان و دڵتەنگی هاندەرانی یانەی هەولێر بەهۆی ئەنجامە خراپەكان ناخهەژێنە و دەبێت كار لەسەر رەخنە و سەرنجەكانیان بكەین.
ئومێد خۆشناو گوتیشی: لە ماوەكانی رابردوو بەپشتیوانی راستەوخۆی سەرۆكی حكومەت بەشێكی زۆری كێشەكانی یانەی هەولێرمان چارەسەر كرد، بەڵام ئەنجامەكانیان دڵخۆشكەر نین.
یانەی هەولێر ئەم وەرزە لە خولی ئەستێرەكانی عێراق لە كۆی 12 یاری، تەنیا 3 یاریی بردووەتەوە، 2 بەرامبەربوون و 6 شكستی هەیە و بە 11 خاڵ لە خانەی حەڤدەیەم دێت. هەولێر سبەی لە دەرەوەی یاریگەی خۆی لە گەڕی دوازدەیەمی خولەكە رووبەڕووی نەفتی میسان دەبێتەوە.