ئومێد خۆشناو بۆ کوردستان24: پلانێکی ئەمنی تۆکمە بۆ شەوی سەری ساڵ لە هەولێر ئامادەکراوە

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر

K24- هەولێر :

پارێزگاری هەولێر بۆ کوردستان24 ئاشکرای دەکات، پلانێکی ئەمنی تۆکمە بۆ شەوی سەری ساڵ لە هەولێر ئامادەکراوە.

ئەمڕۆ شەممە (30ی کانوونی یەکەمی 2023)، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر بە کوردستان24 ی راگەیاند، لە هەموو بوارەکاندا پلانی تۆکمە دارێژراوە، لەوانەش پلانی ئەمنی بۆ شەوی سەری ساڵ، کە  هێزەکانی ئاسایش، پۆلیس، بەرگری شارستانی، نەهێشتنی تاوان، پۆلیسی هاتوچۆ  و تیمەکانی تەندروستی، لە هەندێ شوێنیش سوود لە هێزی پێشمەرگەی زێرەڤانی وەردەگیرێت لە سەنتەری (شار و دەوروبەری) و عەنکاوە، ئەو پلانە تۆکمە ئەمنییە  لەپێناو ئەوەی هاووڵاتیانی شاری هەولێر  کاتێکی خۆش بەسەر ببەن، جێبەجێدەکرێت.

ئومێد خۆشناو هەر ئەمڕۆ لە بازگەی شێراوە لە کاتی پێشوازیکردن لە گەشتیارانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق بۆ هەولێر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی رایگەیاند: ژمارەی گەشتیاران بۆ شاری هەولێر بەردەوام لە زیادبووندایە، گوتی: لە 25 ی مانگەوە تیمەکانی بەرێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری هەولێر لەگەڵ ئەفسەر و کارمەندانی بازگەکان لە پێشوازی گەشتیاراندان کە سەردانی هەولێری پایتەخت دەکەن، پارێزگاری هەولێر ستایشی ئەفسەر و کارمەندانی ئاسایشی هەولێری کرد لە بازگەکان لەو گۆڕانکاریانە کردوویانە بۆ رایی کردنی مامەڵەی هاووڵاتیان. دەشڵێت: پلانی ئەوە هەیە هۆڵی زیاتر لە بازگەکان دروستبکرێت کە گەشتیاران تێیدا چاوەڕوانی دەکەن، رایگەیاند: ساڵی رابردوو ژمارەی گەشتیاریان بۆ هەولێر  زیادیکردووە و گەیشتۆتە زیاتر لە سێ ملیۆن گەشتیار ئەوەش بەڵگەی ئارامی و پێشکەوتنی هەولێرە.