هاووڵاتییانی کەرکووک چاوەڕێی گۆڕانکارین

kurdistan24.net

K24 – هەولێر

بەشێک لە لایەنە سیاسییەکان  پێشوازی لە دەسپێشخەریەکەی پارتی دەکەن، بۆ دەسپێکردنی گفتوگۆکان بۆ پێکھێنانی حکومەتە خۆجێیەکان بە تایبەت لە کەرکووک. چاودێرێکی سیاسی رایدەگەیەنێت ھەر جۆرە دەسپێشخەریەک گرنگە بە تایبەت دەسپێشخەری بۆ چارەسەری دۆخی کەرکووک.

بەشێک لە خەڵکی کەرکووک لەپێناو پاراستنی ناسنامەی کەرکووک چەندین رێگای سەختیان گرتووەتەبەر، زۆرێک لەو هاووڵاتییانەی کە لە 16ـی ئۆکتۆبەر ئاوارە بوون، بەو ئامانجە دەنگیاندا کە کۆتایی بە ستەم و داگیرکاری بهێنرێت.

یەشار جەبار، خەڵکی کەرکووکە و لە 16 ئۆکتۆبەرەوە ئاوارە بووە، بە کوردستان24ـی گوت: "جارێکی دیکە نامانەوێت ئاوارە ببینەوە، دەمانەوێت ئەو دۆخە بگۆڕێت لە عێراق و ئەو میلیشیایە نەمێنێت لە کەرکووک و عەسکەرتاریەت کۆتایی بێت، دەمانەوێت ئەو دۆخە کۆتایی بێت".

دوای هەڵبژاردن هاووڵاتییان چاوەڕێی گۆڕانکاری دەکەن، پارتی سەرەڕای تێبینی و سکاڵای لەسەر پڕۆسەکە، داوای گفتوگۆ دەکات بۆ پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیەکان، چاوی لایەنە سیاسییەکان لەسەر پارتی و یەکێتییە، کە یەک دەنگ بن بۆ کۆتایی هێنان بە دۆخی کەرکووک.

ئەحمەد شێروانی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی حزبی شیوعی کوردستان، بە کوردستان24ـی راگەیاند: "ئەو داوایەی کە پارتی دیموکراتی کوردستان کە دەریانکرد کاتی خۆی بوو، زۆر گرنگ بوو کە ئێمە لەسەر ئەو بیرو باوەڕە بین گفتوگۆ بکەین، بەتایبەت پارتی و یەکێتی کە دەبێت لە ئێستاوە پڕۆژەیەکیان هەبێت، ئەو پڕۆژەیە لە بەرژەوەندی باڵای خەڵکی کوردستان بێت".

ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی پێکهاتەکانی کەرکووک بە جۆرەیەکە کە بەبێ رێککەوتن پێکهاتەکانی ناتوانن حکومەتی خۆجێی شارەکە پێکبهێنن، کە پێشبینی دەکرێت لە کەرکووک زۆر سەخت بێت، کارکردن بە دەستپێشخەرییەکەی پارتی بەشێکی بەربەستەکان لادەبات.

شێرزاد مامە، چاودێری سیاسی، دەڵێت: "یەکێتی کە ئێستا لە هەڵبژاردنەکان زۆرترین کورسی بەدەستهێناوە، دەبێت لە نەینەوا و دیالەش دەستکراوە بێت وەک پارتی کە دەیکات، بۆیە دەبێت هەردووکیان بازنە بەڕووی هێزە سیاسییەکان فراوانتر بکەن، لە کۆتاییدا ئەوەی دەکرێت بە قازانجی کورد بێت".