ئەمەریکا دوو مووشەکی حوسییەکانی لە دەریای سوور خستە خوارەوە
K24 - هەولێر
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا دووپاتی کردەوە، کە ئەمریکا دوو موشەکی بالیستیکی لە باشووری دەریای سوورەوە خستووەتە خوارەوە کە لە ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی حوسیەکان لە یەمەن ئاراستەی کەشتییەکی کۆنتێنەر کراون.
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا (سێنتکۆم) لە پلاتفۆرمی "ئێکس" رایگەیاند، کەشتییەکی کۆنتێنەر کە ئاڵای سەنگافورەی هەڵکردبوو و لەلایەن دانیمارکەوە خاوەندارێتی دەکرێت و بەڕێوەدەبرێت، رایگەیاندووە، کە مووشەکی بەرکەوتووە، کەشتیی وێرانکەری ئەمریکی "گریڤلی" وەڵامی کەشتییەکەی دانیمارکی داوەتەوە و هاوکاری کردووە.
فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریکا دەڵێت: "راپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە کەشتییەکە توانیویەتی بەردەوام بێت لە رۆیشتن، هیچ زیانێکیشی رانەگەیاندووە".
هەروەها رۆژی (ههینی 29ـی كانوونی یهكهمی 2023)، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمهریکا رایگهیاند، کەشتی جەنگی یو ئێس ئێس ماسۆن، درۆنێک و مووشەکێکی بالیستی دژە کەشتی لە باشووری دەریای سوور خستنەخوارەوە، هێرشەکەش لەلایەن حوسییەکانی یەمەنەوە ئەنجامدراوە.
لەدژی هێرشی حوسییەکان ئەمەریکا هاوپەیمانییەکی راگەیاندووە، کە بەگوێرەی راگەیاندراوی پێنتاگۆن، 20 وڵات ئامادەیی خۆیان بۆ بەشداریکردن دەربڕیوە، بەڵام تاوەکو ئێستا ناوی 12 وڵاتیان ئاشکرا کراوە، لەو 12 وڵاتەش بەشێک لە وڵاتان پاشگەزبوونەتەوە و و ئامادە نین بەشداربن، لەوانەش ئیتاڵیا و ئیسپانیا. هۆکاری پاشگەزبوونەوەشیان بۆ ئەو رەخنانەیە لە ئەمهریکا و ئەوروپا دەگیرێت سەبارەت بە سیاسەتیان لە شەڕی ئیسرائیل و حەماس.