بەهۆی "هێرشێکی فڕۆکەکانی ئیسرائیل" زیاتر لە 20 کەس کوژران کە هەندێکیان عێراقین

K24 - هەولێر

لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا بۆردومان و شەڕ لە نێوان لایەنە چەکدارەکان و هێزە ئەمەریکییەکان لە سووریا روویداوە، کە فڕۆکە ئیسرائیلییەکانیش بەشدارییان تێدا کردووە.

روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، لە راپۆرتێکدا رایگەیاندووە، بەهۆی هێرشێکی ئاسمانی کە پێدەچێت ئیسرائیلی بێت 23 کەس لە سووریا کوژراون، کوژراوەکان پێنجیان سووری بوون، 18 کەسەکەی دیکەیان بەم شێوەیە دابەشبوون کە چواریان لە بەرەی حزبوڵڵان شەشیان عێراقی و هەشتیان ئێرانی بوونە، کە هەموویان لە هێرشە ئاسمانییەکەدا کوژراون.

راشیگەیاند، ئەمە لەکاتێکدا فڕۆکە ئیسرائیلییەکان هێرشیان کردووەتە سەر خاڵەکانی سەر بە گرووپەکانی ئەمنی ئێران لە نزیک بازنەی هەجانە و خاڵەکانی فەوجی 47 لە بیابانی شاری ئەلبوکامال، ئەمە جگە لە بە ئامانجگرتنی کاروانێکی سەربازی و کۆگایەکی تەقەمەنی و ئۆتۆمبێلێک لە شاری ئەلبومال لە نزیک سنووری سووریا و عێراق.

روانگە ئاماژەی بەوەشکرد، لە شاری مەیادین لە نزیک سنووری سووریا و عێراق دەنگی ئەو مووشەکانەی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بیسترا کە لە دەوروبەری شارەکە و لە نزیک قەڵای "ئەلرەحبە" ئاراستەیان کردبوو، هەروەها فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمەریکاش دوو هێرشییان کردبووە سەر دوو شوێنی گرووپە چەکدارەکان لە "جەبەل عمال" و "فڕۆکەخانەی کۆن" لە دێرەزوور،

ئەمەش دوای ئەوە هات دوو بنکەی ئەمەریکی بە مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لەلایەن گرووپەکان کراوەتە ئامانج، ئەمە لە کاتێکدابوو کە دەنگی تەقینەوە لە دوو بنکەی ئەمەریکا بیستران، کە لە ئەنجامی هێرشێکی گرووپەکانی نزیک لە ئێرانەوە کرابوونە سەر بنکەکانی کێڵگەی نەوتی ئەلعومەر و کێڵگەی گازی کۆنیکۆ لە لادێکانی دێرەزوور.

نزیکەی 40 مووشەک لە ناوەوە و دەرەوەی ئەو دوو بنکەیە کەوتوونەتە خوارەوە، هاوکات بەرگرییە زەمینییەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی هەوڵیداوە رووبەڕووی ئەو هێرشانە ببنەوە، کە لە دوای شەڕی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، کراوەتە سەری لە سووریا و عێراق.