شاخەوان عەبدوڵڵا: پۆستی پارێزگاری کەرکووک مافی کوردە

شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق
شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق

K24 - هەولێر

شاخەوان عەبدوڵڵا رایدەگەیەنێت، پۆستی پارێزگاری نوێی کەرکووک مافی پێکهاتەی کوردە، "چونکە زیاتر لە هەموو پێکهاتەکانی دیکە دەنگی بەدەستهێناوە" و بە پێویستی دەزانێت هەرچی زووە گفتوگۆکان لەمبارەوە دەستپێبکەن.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 31-12-2023، شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند، "سەرنج و تێبینییەکانی پارتی لەبارەی کۆی پڕۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق لەچوارچێوەی سکاڵایەک پێشکەش بە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق کراوە".

شاخەوان عەبدوڵڵا، کە هاوکات ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتییە، گوتی، "لە هەندێک ناوچە و بەتایبەت لە مووسڵ، لەلایەن هەندێک لە گرووپ و میلیشیاوە رێگری لە کاندیدانمان کراوە کە ئەمەش پێچەوانەی یاسایە و رێگری لە بانگەشەیەکی ئازادانە کراوە".

وەکو ئەوەی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق باسی کرد، "هەر چەندە کورد زۆرینەی کورسییەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکی بەدەستنەهێناوە، بەڵام کورد وەکو پێکهاتە زۆرینەی دەنگەکانی سنووری پارێزگاکەی بەدەستهێناوە، بۆیە پۆستی پارێزگاری کورد لە ئیستیحقاقی کوردە. دەبێت کوردیش لەگەڵ پێکهاتە و لایەنەکانی دیکە گفوتگۆ بکات بۆ ئەوەی ئەوانیش لە پڕۆسەی (هەڵبژاردنی پارێزگاری نوێ) بەشداربن تاوەکو ئەو پێکەوەژیانەی لە کەرکووک هەیە بەردەوام بێت".

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بە پێویستی دەزانێت "هەرچی زووە" گفتوگۆی لایەنەکان لەبارەی هەڵبژاردنی پارێزگاری نوێی کەرکووک دەستپێبکات بۆ ئەوەی "پارێزگارێکی دەستپاک و خزمەتکار بۆ ئەم شارە دابنرێت".

لەبارەی هەموارکردنەوەی یاسای بودجەی گشتیی عێراق، گوتی "دەبێت حکومەتی عێراق لە یەکێک لە کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیران دەنگ لەسەر ئەو (سیغە) هاوبەشە بدات کە هەردوولا لەسەری رێککەوتوون بۆ هەموارکردنەوەی یاسای بودجە و رەوانەی پەرلەمانی بکات. ئەگەر ئەم بابەتە زیاتر لەمە درەنگ بکەوێت، ئێمە وەکو فراکسیۆنە کوردستانییەکان لەناو پەرلەماندا هەڵوێستمان دەبێت و لەوانەیە دانیشتنەکانی پەرلەمانی عێراق رابگرین".

لەبارەی رادەستکردنی مەلەفی ئەمنی بە هێزە ئەمنییە خۆجێیەکانی کەرکووک، شاخەوان عەبدوڵڵا ئاماژەی بەوە کرد، ئەم بابەتە "رێککەوتنێکی سیاسییە و لە پەرلەمانی عێراقیش دەنگی لەسەر دراوە".