عەبدولرەزاق شەمەری: گرووپە چەکدارەکان دەیانەوێت سەقامگیریی هەرێمی کوردستان تێکبدەن

عەبدولرەزاق شەمەری، ئەمینداری گشتیی کۆبوونەوەی رزگارکردنی عێراق
عەبدولرەزاق شەمەری، ئەمینداری گشتیی کۆبوونەوەی رزگارکردنی عێراق

K24 - هەولێر

عەبدولرەزاق شەمەری رایدەگەیەنێت، گرووپە چەکدارەکان دەیانەوێت لە رێگەی هێرشەکانیانەوە ئەو ئاسایش و ئارامییەی لە هەرێمی کوردستان هەیە، نەهێڵن. دەشڵێت، "عێراق لە ساڵی 2006ـەوە لەژێر داگیرکاری ئێراندایە".

ئەمڕۆ یەکشەممە، 31-12-2023، عەبدولرەزاق شەمەری، ئەمینداری گشتیی کۆبوونەوەی رزگارکردنی عێراق؛ لەبارەی بەئامانجگرتنی هەرێمی کوردستان لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە، بە کوردستان24ـی راگەیاند، "ئەو گرووپە چەکدارانە دەیانەوێت لە رێگەی هێرشەکانیانەوە ئەو ئاسایش و ئارامییەی لە هەرێمی کوردستان هەیە نەهێڵن و پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و واشنتن تێک بدەن".

بە گوتەی شەمەری، "عێراق لە ساڵی 2006ـەوە لەژێر داگیرکاری ئێراندایە و، ئەو گرووپە چەکدارانە دەیانەوێت هێزەکانی ئەمەریکا دەربکەن و تەواوی عێراق رادەستی ئێران بکەن".

عەبدولرەزاق شەمەری بە گرووپە چەکدارەکان دەڵێت، "ئەگەر ئەمەریکا داگیرکەربێت، کێ ئێوەی هێناوەتە سەر دەسەڵات، باشە بۆ پێش ساڵی 2003، بە ئەمەریکاتان نەدەگوت داگیرکەر و بە گوڵ پێشوازیتان لێ دەکرد؟".

ئەوەشی خستەڕوو: "ئەو گرووپە چەکدارانەی هەرێمی کوردستان دەکەنە ئامانج و ناویان لە خۆ ناوە "مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" پێویستە بەرگری لە هەموو خاکی عێراق بکەن نەک بەرگری لە بەشێک بکەن و هێرش بکەنە سەر بەشێکی دیکە (هەرێمی کوردستان). بۆ تەنها لە هەرێمی کوردستان رووبەڕووی هێزەکانی ئەمەریکا دەبنەوە؟".

ئەمە لە کاتێکدایە شەوی ڕابردوو (شەممە، 30-12-2023)، کاتژمێر 11:45 خولەک؛ بە دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرشکرایە سەر بارەگایەکی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە سنووری پیرمام-هەولێر. حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا گوتی، "هێرشەکە زیانی گیانی نەبووە و تەنیا زیانی ماددی لێ کەوتەوە".