ئەمەریکا سێ بەلەمی حوسییەکانی بۆردومان کرد

ئەرشیف
ئەرشیف

K24 - هەولێر

فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریکا رایگەیاند، چوار بەلەمی بچووکی حوسییەکان هێرشیان کردە سەر کەشتی کۆنتێنەری "میرسک هانگچو" لە دووری 20 مەتر تەقەیان لە کەشتییەکە کردوە.

بەگوێرەی ئاژانسی جیهانی عرەبی، ئەمرۆ یەکشەممە، 31-12-2023، فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریکا رایگەیاند، چوار بەلەمی بچووکی حوسییەکان هێرشییان کردووەتە سەر کەشتییەک، دواتر لەلایەن هێلیکۆپتەرێکی ئەمەریکی تەقە لەو چوار بەلەم کران کە سێیان نقوم بوون و کەسێکیش کوژرا.

فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەشکرد، هیچ زیانێک و بە ئەمەریکییەکان و کەرەستەکانییان نەگەیشتووە.

دەستەی بازرگانی دەریایی بەڕیتانیا رایگەیاند راپۆرتێکیان پێگەیشتووە سەبارەت بە هێرشێک بۆ سەر کەشتییەک کە 60 میل لە باکوری رۆژئاوای بەندەری حودەیدەی یەمەنەوە دوورە و شەریش روویداوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، سێ بەلەمی بچووک هێرشیان کردووەتە سەر لای چەپی کەشتییەکە و هەموو تیمەکە سەلامەت دەرچوون، گوتیشی: دوای دەستوەردانی هێزەکانی هاوپەیمانان بەلەمەکان دوور کەوتنەوە.

کۆمپانیای کەشتیوانی "میرسک" رووداوێکی پشتڕاستکردەوە کە تێیدا کەشتییەکەی میرسک هانگچو دوای ئەوەی بە گەرووی باب ئەلمەنداب دا تێپەڕی رووبەرووی هێرش بووەتەوە، بەڵام هیچ ئاماژەیەک نەبووە بۆ ئاگرکەوتنەوە لە کەشتییەکەدا و بەردەوامبووە لە گەشتکردن بۆ باکوور.