ئەمەل جەلال: ئەمساڵ زیاتر لە حەوت ملیۆن گەشتیار سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە

ئەمەل جەلال، سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان
ئەمەل جەلال، سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان

K24 – هەولێر:

سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوەدەکات، زۆری فێستیڤاڵەکانی خواردن لە هەرێمی کوردستان وایکردووە ساڵانە گەشیارێکی زۆر سەردانی ئەو ناوچانە بکەن بۆ مەبەستی بەشداریکردن لەو فێستیڤاڵانەدا. گوتیشی: ئەمساڵ زیاتر لە حەوت ملیۆن گەشتیار سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە.

ئەمەل جەلال، سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئێمە لە ساڵی 2022 لە سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران پلانێکی هەشت ساڵیمان راگەیاند و بەڵێنماندا کە ساڵ دوای ساڵ ژمارەی گەشتیاران زیاد بکەین، پێشبینی ئەو کاتمان وابوو کە لەو ساڵدا شەش ملیۆن گەشتیار سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن.

سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوەدا، دەتوانین لە ساڵی 2030 کوردستان بکەینە رووگەیەکی گەشتیاری زۆر زیاتر لەوەی کە ئێستا هەیە و ژمارەی گەشتیارانمان زیاتر بکەین، لە ساڵی 2023 تاوەکو مانگی 11 زیاتر لە حەوت ملیۆن گەشتیار سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە.

ئەمەل جەلال، سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا، ئەوەی کە زیاتر گەشتیاری راکێشاوە بێن سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن، جوانی وەرزەکانی ساڵی هەرێمکەمانە، کە هەر وەرزێک بۆخۆی بووەتە وەرزێکی گەشتیاری.

سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، لەبارەی پلانی خۆیان بۆ پێشخستنی ئەو کەرتە دەڵێت: پلانمان ئەوەیە هەر شارێکی کوردستان بە جیاوازی چالاکییەکانی بناسێنین، هەروەها گەشتیار بتوانێت لەکاتی سەردانیکردنی بۆ هەرێمی کوردستان ماوەیەکی زیاتر بمێنێتەوە و بتوانین پێداویستییەکانی مانەوە، خواست و ئارەزووەکانی بۆ دەستەبەر بکەین.

گوتیشی: پلانمان ئەوەیە کە لە چۆمان، چیای گارە و پێنجوێن فێستیڤاڵیکی بەفری واتە هەفتەی سپی لە مانگی 2ـی ساڵی نوێوە دەستپێبکەین، ئەم چالاکییە تەنیا چالاکی بەفری نابێت بەڵکو کێبڕکێی وەرزشیش دەبێت، هەروەها خواردنگەکانیش بانگهێشت دەکەین بۆ ئەوەی خواردنەکانیان لەوێدا نمایش بکەن و بازاڕ بۆ خواردنەکانیان بکەن، کە جۆرێک لە بەبازاڕکردنی زستانە دەبێت.

ئەمەل جەلال، ئەوەشی خستەڕوو، زۆری فێستیڤاڵەکانی خواردن لە هەرێمی کوردستان وایکردووە ساڵانە گەشتیارێکی زۆر سەردانی ئەو ناوچانە بکەن بۆ مەبەستی بەشداریکردن لەو فێستیڤاڵانەدا.

سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، لە درێژەی قسەکانیدا ئەوەشی خستەڕوو، ئەگەر چەند چالاکی گەشتیاری زیاد بێت لە هەرێمی کوردستان ئەوا رێژەی گەشتیار زیاد دەبێت، کە ئەمەش دەبێتە راکێشانی سەرنجی زیاتری وەبەرهێنەران کە بێن سەرمایەگوزاری بکەن لەو هەرێمە لە بوارە جیاوازەکان، بە تایبەت لە بواری گەشتیاری.