هەزاران کەس لە گۆڕەپانی تایمز سکوێری نیویۆرك پێشوازی لە ساڵی نوێ دەکەن

تایمز سکوێر، نیویۆرک، ئەمەریکا
تایمز سکوێر، نیویۆرک، ئەمەریکا

K24 – نیویۆرک:

ساڵانە ئاهەنگی پێشوازیکردن لە ساڵی نوێ لە نیویۆرک جیاواز دەردەکەوێت و سەدان هەزار کەس راستەوخۆ لە مەیدانی تایمز سکوێر ئامادەی رێوڕەسمەکان دەبن، ئەمساڵیش چاوەڕواندەکرێت سەرووی یەک ملیۆن کەس بەشداری بکەن و ببێتە گەورەترین ئاهەنگ لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا.

تایمز سکوێر لە نیویۆرك ئەو شارەی بەوە ناسراوە کە هەرگیز ناخەوێت، لە کۆتا رۆژی ساڵی 2023 ئەو شارە خۆی بۆ پێشوازی ساڵی نوێ ئامادە دەکات، خەڵکێکی زۆر روویان لە نیویۆرک کردووە. چاوەڕواندەکرێت ئاهەنگی ئەمساڵی گەورەترین بێت.

ماگدلین گۆرسیا، مامۆستا بە کوردستان24ـی راگەیاند، "بۆ سەری ساڵ هاتووینەتە ئێرە، بڕیارە بەشداری چەند چالاکییەک بکەین، چاوەڕێی نمایشی رووناکی دەکەین لە شەقامی پێنجەم، دواتر بینەری دیمەنی کاتژمێری سەر شاشە دەبین، لەوانەیە ئامادەی شانۆیەکیش بین بەر لە خستنەوارەوەی تۆپەکە".

ڤارسنی بی، قوتابی دەڵێت: "هیوادارم بۆ شەو بتوانم لێرە ئامادەبم، پێموایە زۆر قەرەباڵخ دەبێت، ئێمە هەر لەو دەوروبەرە دەبین، هێشتا بەڕاستی هیچ پلانێکمان نییە".

حکومەتی ئەمەریکا هۆشداری لە روودانی کردەوەی تیرۆرستی داوە لەنێو وڵاتەکەی بەتایبەت لە کۆبوونەوەی بەکۆمەڵ ئەوەش لەکاردنەوەی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل.

ئێریک ئامادەمس، سەرۆکی شارەوانیی نیویۆرک، گوتی: "ئێمە دەزانین چۆن پارێزگاری لە قەبارەی ئەو رێوڕەسمە بکەین، رێوڕەسمی زۆر گەورەمان لەم شارەدا لە یەککاتدا بەڕێوەدەچن، بە هاوکاری هەموو ئاژانس و رێکخراوەکانمان، ئاهەنگەکە بە دروستی بەڕێدەکەین، ئێمە هەموو کات شتە راستەکە ئەنجامدەدەین".

وەک نەریتێک، لە کۆتا چرکەکانی ساڵ و چوونە نێو ساڵی نوێ، تۆپێک کە لە شوێنێکی بڵندی تایمز سکوێر دانراوە فڕێدەدرێتە خوارەوە، ئەمەش وەک هێمایەک بۆ هاتنی ساڵی نوێ.