دلاوەر ئاژگەیی: پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتان لە ئاستێکی زۆر باشدایە

دلاوەر ئاژگەیی، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەوروپا
دلاوەر ئاژگەیی، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەوروپا

K24 – هەولێر:

نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەوروپا، دەڵێت: سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی توانیویەتی پەیوەندییەکی دیپلۆماسی بەهێز لەگەڵ وڵاتانی جیهان دروستبکات، هەروەها لەکاتی سەردانیکردنی بۆ وڵاتان لەلایەن بەرپرسانی ژمارە یەکی ئەو وڵاتانەوە پێشوازی لێدەکرێت.

دلاوەر ئاژگەیی، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەوروپا، بە ژووری هەواڵی کوردستان24ـی راگەیاند، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە ماوەی ئەمساڵدا چالاکی باشی هەبووە فرەلایەن بووە، هاوسەنگی راگرتووە، پەیوەندییەکی دیپلۆماسی بەهێزتری لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپا و ئەمەریکا دروستکردووە.

ئاماژەی بەوەدا، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی بەهێزی دیپلۆماسی لەگەڵ وڵاتانی کەنداو و عەرەبی دروستکردووە، ئاستی پەیوەندییەکانیان لە ئاستێکی زۆر باشدایە، کاتێک سەرۆکوەزیران سەردانی ئەم وڵاتانە دەکات لەلایەن بەرپرسانی ژمارە یەکی ئەم وڵاتانەوە پێشوازی لێ دەکرێت.

نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەوروپا، گوتیشی: سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیوەندی بە بەرپرسانی باڵای وڵاتانی جیهان کردووە، بۆ ئاڵوگۆڕی بیروڕا و راکێشانی پشتگیری نێودەوڵەتی زیاتر بۆ هەرێمی کوردستان.

دلاوەر ئاژگەیی، باسی لەوەشکرد، ساڵی داهاتوو هەرێمی کوردستان زیاتر پێویستی بە پەیوەندییە نێودەوڵەتی و دیپلۆماسییەکان لەگەڵ وڵاتانی جیهان دەبێت، هەروەها ئاستی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتانی دەرەوە بە بەراورد بەم ساڵ زیاتر دەبێت.

ناوبراو روونیکردەوە، هەرێمی کوردستان بەهۆی پێگەی جوگرافی و جیۆپۆلیتیکی خۆی بووەتە جێگەی بایەخی وڵاتانی جیهان، هەروەها پێگەی هەرێمی کوردستان لە دابینکردنی ئاسایش و سەقامگیری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دابینکردنی وزە، هۆکارگەلێکن بۆ ئەوەی زیاتر ببێتە جێگەی بایەخی وڵاتانی جیهان.

نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەوروپا، سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا، یەکێک لە بەرنامە بەهێزەکان کە هەرێمی کوردستان تێیدا سەرکەوتوبووە لە ساڵی رابردوو، سوودوەرگرتن لە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی بووە لەگەڵ وڵاتانی جیهان، هەروەها توانیویەتی پەیوەندی بازرگانی لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپا بەهێزتر بکات، بە تایبەت بتوانێت سوود لە توانای ئەو وڵاتانە وەربگرێت لە زۆرێک لە بوارە جیاجیاکان بۆ ئەوەی ببێتە هۆی جێگرەوەی نەوت و وزە.

گوتیشی: سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی گرنگییەکی زۆری بە کەرتی کشتوکاڵ داوە و بەتایبەت لە رێگەی دۆزینەوەی بازاڕ بۆ بەرهەمەکانی هەرێمی کوردستان، توانیویەتی پێشکەوتنێکی بەرچاو بەدەستبهێنێت، هەروەها بەرهەمە خۆراکییەکانی هەرێمی کوردستان بووەتە جێگەی بایەخی وڵاتان.