وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا سەرکۆنەی هێرشکردنەسەر هێزەکانی پێشمەرگە دەکات

باڵەخانەی وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا
باڵەخانەی وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا

K24 – هەولێر:

وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا، سەرکۆنەی هێرشکردنە سەر هێزەکانی پێشمەرگە دەکات، هەروەها فەرەنسا داوا لە هەموو لایەنەکان دەکات رێز لە سەروەری خاکی عێراق بگرن و سەقامگیری و ئاسایشی عێراق و هەرێمی کوردستان بپارێزن.

ئەمڕۆ یەکشەممە (31ـی کانوونی یەکەمی 2023) وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا لەبارەی هێرشکردنە سەر بارەگایەکی هێزەکانی پێشمەرگە، راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە تێیدا هاتووە، بە توندرین شێوە ئیدانەی ئەو هێرشە درۆنییە شەوی رابردوو بۆ سەر بارەگایەکی هێزەکانی پێشمەرگە دەکەین.

لە راگەیاندراوەکەدا هەروەها هاتووە، پێویستە ئەم کارە توندوتیژی و ناسەقامگیرانە بوەستن و ئەنجامدەرەکانیان دەستنیشان بکرێن و لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بکرێت.

فەرەنسا داوا دەکات رێز لە سەروەری و یەکپارچەیی خاکی عێراق بگیرێت، هەروەها فەرەنسا داوا لە هەموو لایەنەکان دەکات سەقامگیری و ئاسایشی عێراق و هەرێمی کوردستان بپارێزن.

ئەمە لە کاتێکدایە شەوی رابردوو شەممە (30ـی کانوونی یەکەمی 2023)، کاتژمێر 11:45 خولەکی شەو بە دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرشکرایەسەر بارەگایەکی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە سنووری پیرمام-هەولێر.

مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (تویتەری پێشوو)، پەیامێکی لەبارەی "هێرشە تیرۆریستییەکەی" سەر بارەگایەکی هێزەکانی پێشمەرگە لە هەولێر بڵاوکردبووەوە.

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان نووسیبووی: "نیگەرانیی قووڵی خۆمان بەرامبەر هێرشە تیرۆریستییەکەی شەوی ڕابردوو بۆ سەر بارەگایەکی پێشمەرگە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی هەولێر دەردەبڕین. بە توندترین شێوە سەرکۆنەی هێرشی هێزەکانی دەرەوەی یاسا و هاوکارەکانیان دەکەم".

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوەکردبوو،"ئێمە باش لەو یارییانە تێدەگەین کە کەسانی لە یاسادەرچوو لە پشتیانەوەن، مافی ئەوەشمان هەیە بەرگری لە گەلەکەمان بکەین".

هەروەها فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەزگا ئەمنییەکانی ئەو وڵاتەی راسپاردووە بۆ بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە لە هێرشەکە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان بکەن.

سوودانی هێرشەکەی بە "دەستدرێژی بۆ سەر سەروەریی عێراق" ناو بردووە و دەڵێت، هەوڵێکە "بۆ تێکدانی ئاسایش و سەقامگیری" ناوخۆی عێراق.