خەمیس خەنجەر: هێرشکردنە سەر هەولێر سەرەتا بە ئامانجگرتنی بەغدایە و کارێکی تیرۆریستییە

خەمیس خەنجەر، سەرۆکی هاوپەیمانی سیادە
خەمیس خەنجەر، سەرۆکی هاوپەیمانی سیادە

K24 – هەولێر:

سەرۆکی هاوپەیمانی سیادە لەبارەی هێرشە درۆنییە بەردەوامەکانی سەر هەولێر و بە ئامانجگرتنی بارەگایەکی هێزی پێشمەرگە هاتە دەنگ و رایگەیاند، ئاسایشی عێراق لە ئاسایشی هەرێمی کوردستانە و ناکرێت لەلایەن گرووپە لەیاسادەرچووەکانەوە دەستدرێژی بکرێتەسە.

خەمیس خەنجەر، سەرۆکی هاوپەیمانی سیادە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (تویتەری پێشوو) هەڵوێستی خۆی لەبارەی هێرشی گرووپە چەکدارە لەیاسادەرچووەکان بۆ سەر هەولێر راگەیاند و ئاماژەی بەوەکردووە، هێرشکردنە سەر هەولێر سەرەتا بە ئامانجگرتنی بەغدایە و کارێکی تیرۆریستییە.

لە بەشێکی پەیامەکەیدا، سەرۆکی هاوپەیمانی سیادە هێرشەکانی سەر هەولێر بە تیرۆریستی و ئیدانەکراو وەسفدەکات و روونیکردووەتەوە، ئاسایشی عێراق لە ئاسایشی هەرێمی کوردستان و ناکرێت لەلایەن گرووپە لەیاسادەرچووەکانەوە دەستدرێژی بکرێتەسەر.

هەروەها خەمیس خەنجەر جەختی کردووەتەوە، بێلایەنی عێراق لە ململانێ هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان بەرپرسیاریەتی ئەو هێزە سیاسییانەیە کە باوەڕیان بە گفتوگۆ و دیپلۆماسییەت هەیە و بە پێویستیش دەزانێت پشتیوانی لە هەوڵێستی فەرمی ڤگیرێت بۆ پشتگیریکردن لە عێراقێکی ئارام و سەقامگیر.

ئەمە لە کاتێکدایە شەوی شەممە (30ـی کانوونی یەکەمی 2023)، کاتژمێر 11:45 خولەکی شەو بە دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرشکرایەسەر بارەگایەکی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە سنووری پیرمام-هەولێر.

دوای رووداوەکەش، سەرۆکوەزیرانی مەسرور بارزانی لە پەیامێکدا ئاماژەی بەوەکرد: "نیگەرانیی قووڵی خۆمان بەرامبەر هێرشە تیرۆریستییەکەی شەوی ڕابردوو بۆ سەر بارەگایەکی پێشمەرگە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی هەولێر دەردەبڕین. بە توندترین شێوە سەرکۆنەی هێرشی هێزە لەیاسادەرچووەکان و هاوکارەکانیان دەکەم".

هاوکات محەممەد شیاع سوودانی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، دەزگا ئەمنییەکانی وڵاتەکەی راسپاردووە بۆ بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە لە هێرشەکە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان بکەن و هێرشەکەی بە "دەستدرێژی بۆ سەر سەروەریی عێراق" ناو بردووە و دەڵێت، هەوڵێکە "بۆ تێکدانی ئاسایش و سەقامگیری" ناوخۆی عێراق.