لاوێکی کورد بە 10 زمان ڤیدیۆ بڵاودەکاتەوە
K24 - کازاخستان
عومەر ئیسلام عەلیێڤ، لاوێکی کوردی کازاخستانە، ئێستا لەسەرانسەری جیهانەوە زیاتر لە 29 ملیۆن فۆلۆوەری لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تیک تۆک هەیە، ئەو تەمەنی حەڤدە ساڵە و قوتابی قۆناغی دووەمی کۆلێژی پزیشکییە. ئەو بڵۆگەرە تائێستا بە زیاتر لە 10 زمان ڤیدیۆیی بڵاوکردووەتەوە.
تیمی کوردستان24 لە ئەشیبوڵاکی ئەڵماتی کازاخستان عومەر و خانەوادەکەی بەسەر کردەوە، ئەو دەڵێت: "لە ساڵی 2022ـەوە دەستم بە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆ کرد لە سۆشیال میدیا، ئێستا رۆژانە زیاتر لە شەش ڤیدیۆی جیاواز تۆمار دەکەم و بڵاودەکەمەوە".
دەشڵێت: "خێزانەکەم هاوکاریم دەکەن لە تۆمارکردنی ڤیدیۆ، بەتایبەتی یەکێک لە خوشکەکانم کە بەردەوام لەگەڵمە و ڤیدیۆکانم بۆ تۆمار دەکات".
خۆشەویستی عومەر بۆ کارەکەی وایکردووە بێ گوێدانە بەفر و باران، بەشێکی ڤیدیۆکانی لە کەشی سارددا تۆمار بکات، هاوکاری و پشتگیری بەردەوامی دیلانی خوشکی و ئەندامانی دیکەی خێزانەکەیان، گەرم و گوڕی زیاتر دەدەن بە کارەکەی.
ئیسلام عەلیێڤ، باوکی عومەر دڵخۆشە کە کوڕەکەی بەوشێوەیە ناسراوە، بەتایبەت کە وەک کورد ناوی دەهێنرێت، ئەو بە کوردستان24ی گوت: "بۆ ئێمە گەلێک خۆشە کە باسی عومەر دەکرێت و دەڵێن کوردی کازاخستانە، ئێمە بەردەوام هاوکار و پاڵپشتی عومەرمان کردووە بۆ ئەوەی پەرە بە بەرهرە و تواناکانی بدات".
لاوانی کورد لە کازاخستان، لە بواری جیاجیادا رۆڵ و پێگەی بەرچاویان هەیە، عومەر ئیسلام یەکێکە لەو گەنجانەی لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی ناوبانگێکی زۆری پەیدا کردووە.